بەرپرسێکی پارتی: کۆنگرە دەکەینە وەڵامدانەوەی خواستەکانی خەڵک و رێکخستنەکانمان

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە دەکات کۆنگرەی پارتی دەکرێتە کۆنگرەی وەڵامدانەوەی خواستەکانی خەڵک و رێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان دەشڵێ، پارتی توانیویەتی خۆی لەگەڵ ھەموو سەردەم و قۆناغەکان بگونجێنێ.
کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی ٢٣ی قەرەچۆغ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پارتی لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی جیھان و ناوچەکە پێویستی بە نوێبوونەوە ھەیە و ھێزێکە دەتوانێت لەگەڵ ھەموو سەردەمێک خۆی بگونجێت، کە ئەم توانستە لە کەم ھێزی سیاسی ناوچەکەدا دەگمەنە، ئەوەی پارتی پێی پشت ئەستورە خاوەن دۆزێکە و توانیویەتی لەھەموو قۆناغێکدا ھەڵگری ئەو دۆزە ڕەوایەی گەل و نیشتیمان بێت، لەھەموو قۆناغەکاندا پارتی توانیویەتی ڕابەرایەتی ئەم ڕەوتە نیشتیمانیە بکات، ئەم رێباز و ڕەوتەی پارتی خەباتی بۆ دەکات لە شێخ عەبدولسەلامی بارزانیەوە دەستی پێکردوە و تا ئەمڕۆ بەردەوامی ھەیە".
بەرپرسەکەی پارتی دەشڵێت: "ئەنجامدانی کۆنگرە ماف و یاسایە، واتە بەپێی یاسا پارتی کۆنگرەی خۆی بەڕێوەدەبات و مافی ھەموو ئەندامێکی پارتیە کۆنگرە لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت، بەڵام دواکەوتنی بۆ رەوشی کوردستان دەگەڕێتەوە، پارتی بۆ ھەموو ئەگەرەکان ھەمیشە ئامادەکاری ھەبووە بۆ نموونە خواستەکانی خەڵک بەر لە ١٠ ساڵ ھەمان ئەو خواستانەبوون بێگومان نەخێر، پێشڤەچوونەکانی کوردستان گۆڕانکاری بەسەردا ھاتووە و دەبێت کۆنگرە وەڵامدانەوەی خواستەکانی ھەم رێکخستەکانی پارتی و ھەمیش خەڵکی کوردستان بێت، ھەر حزبێک ئەمەی لانەبێت ناتوانێت ڕابەرایەتی بزووتنەوەیەک بکات، کە خەڵک تێیدا ئامادەیە".
کرمانج عەبدوڵڵا ڕوونیشیکردەوە: "کادیر و ئەندامانی پارتی زۆر پابەندن بە رێنمایەکانی حزب، ئەگەر لێرە و لەوێش یان سۆشیال میدیا شتێک روویدابێت ئەمە مەبەستی سەرپێچیکردن نەبووە لە رێنمایەکانی حزب رەنگە لە نەزانین بووبێت، دوای دەرچوونی رێنمایەکانی مەکتەبی سیاسی ١٠٠% وەک خۆی جێبەجێ دەکرێن و بەڕێوەچوونی کۆنفڕانسەکانی حزب دەکەینە کەرنەڤاڵی خۆشەویستی، چونکە پارتی حزبێکی یەکگرتوویە و خاوەن مەرجەعی خۆیەتی و مەرجەعی پارتی ھەر بڕیارێک بدات لەکادیرێکی خوارەوە تا مەکتەبی سیاسی وەک خۆی جێبەجێ دەکرێن".
قائید میرۆ




