لە ١ی ئەیلوول پەرلەمان دەست بە کۆبوونەوەکان دەکات

بڕیارە لەسەرەتای مانگی داھاتوو وەرزی نوێی یاسادانان لەپەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و پەرلەمانتارێکی فڕاکسیۆنی پارتیش دەڵێ، لە ١ی ئەیلوول پەرلەمان یەکەم کۆبوونەوە بەڕێوەدەبات و چەندین پڕۆژە یاسای گرینگ ئامادەن بۆ وەرزی نوێ.
لیزا کاکەیی، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستانی راگەیاند" لەسەرەتایی مانگی دابێ کۆتایی بە پشووی پەرلەمانی کوردستان دێت و ١ی ئەیلوول دەست بە وەرزی نوێی یاسا دانان دەکرێت و لە رۆژی ١ی ئەیلوول کۆبوونەوەی پەرلەمان بەڕێوەدەچێت بۆ دەستپێکردنەوەی وەرزی نوێی پەرلەمان و دواتر کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بەڕێوەدەچن، لە وەرزی نوێ کار لەسەر ئەو پڕۆژە یاسا گرینگانە دەکرێت، کە لەلایەن لیژنە پەیوەندارەکانەوە ئامادەکاریان بۆ کراوە.
لەبارەی کۆبوونەوەی دوێنێی فڕاکسیۆنی پارتی پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتی" کۆبوونەوەکەی ئێمە وەک فڕاکسیۆن لەسەر پرسی دەستووری ھەرێمی کوردستان بو، ھەروەھا وەک خۆ ئامادەکردنێک بۆ وەرزی نوێی پەرلەمان تا پێکەوە کار بکەین ئەولەویەت بەو پڕۆژەیاسایانە بدرێت ئەوانەی پەیوەستن بە ژیان و گوزەرانی ھاوڵاتیانی ھەرێمی کوردستان.
لیزا کاکەیی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" ھەندێ راپۆرتیش ھەن لە رێگەی یاداشتەکانەوە ئاراستەی لیژنە پەیوەندارەکانی پەرلەمانی کوردستان کرابوون، ھەر لیژنەیەک راپۆرتی خۆی ئامادە دەکات و بە بانگھێشتی لایەنی پەیوەندار لە حکوومەت ئینجا وەزارەتەکان یان دەستەکان بن لە پەرلەمان کاری لەسەر دەکرێت.
قائید میرۆ




