پێکھاتەکان کۆدەبنەوە

نوێنەرێکی پێکھاتەکان ئاشکرایکرد، بڕیارە پێکھاتەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پرسی کۆرسی کۆتاکان بەڕێوەببەن و دەڵێ، ئەو پێشنیارەی کراوە بۆ بەشداری نەکردنی پێکھاتەکان لە دەنگدانی تایبەت لەسەری رەزامەند نین.
سارا چاوشلی، نوێنەری تورکومان لە پەرلەمانی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئەو پێشنیارانەی تا ئێستا کراون لەبارەی کۆرسی کۆتاکان لای ئێمە جێی رەزامەندی نین، بەتایبەتی ئەو پێشنیارەی لە کۆبوونەوەی رابردوو کراوە گوایە پێکھاتەکان لە دەنگدانی تایبەت بەشداری نەکەن و تەنیا لە دەنگدانی گشتی بەشداری بکەن ئەوە پێچەوانەی مافی پێکھاتەکان و پێکەوەژیانە.
نوێنەرەکەی تورکومان دەشڵێت" پێویستە رێز لە دەنگدەری پێکھاتەکان بگیرێت و لەنێو دەنگدەرانی تایبەتیش ئێمەی پێکھاتەکان دەنگی خۆمان ھەیە و ژمارەی ئەو پێکھاتانەی مافی دەنگدانیان ھەیە لەنێو ھێزەکانی ناوخۆ دەنگدانی تایبەت کەم نین تا بێبەش بکرێن.
سارا چاوشلی ئاشکرایکرد" بڕیارە پێکھاتەکان کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان بەشداری بکەن لەبارەی پرسی کۆرسی کۆتاکان و پرۆسەی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان، ھەموو پێکھاتەکان بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەن، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی پێکھاتەکان لەسەرۆکایەتی ھەرێم دیاری نەکراوە.
قائید میرۆ




