بابەکر زێباری: کار بۆ دروستکردنی فرقە دەکرێت

هەولێر_KDP.info_ راوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هێزی پێشمەرگە لە ئێستادا وەک لەشکرێکی نیزامی پێشکەوتووی لێ هاتووە و ڕۆژە بەڕۆژیش هەنگاوی زیاتر دەنێت، ئێستا هەنگاوەکان بۆ ئەوە دەنرێت کە لەناو وەزارەتی پێشمەرگە فرقە دروست بکرێت، چونکە ژمارەی لیواکان زۆر بووە و پێویستە فرقەیان بۆ دروست بکرێت.
راوێژکاری سەربازی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بابەکر زێباری، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، چەند پێشمەرگە مەشق و راهێنانی پێبکرێت و تاکتیکی نوێ فێربکرێت و لەسەر چەکی پێشکەوتوو رابهێندرێن زیاتر فێر دەبن، چەند پێشبخرێت سودی زیاتری لێ وەردەگرن، چونکە لە هەر شەڕێک سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنن و پێشمەرگە جیاوازیەکی لەگەڵ سوپاکان هەیە کە ئەویش لەشەڕی پارتیزانی زۆر شارەزایە، هەرچەند مەشق و راهێنانی پێبکرێت ئەو جۆری شەڕی پارتیزانیان بیرناچێت، هەر چەندە ئێستا شەڕی پارتی زانی بەزەحمەت کەوتووە بەهۆی چەکی پێشکەوتوو، بەڵام هەر سودی هەیە و لە هەر شەڕێکی سەرکەوتنی گەورە و کەمترین زیانیان بەردەکەوێت.
بابەکر زێباری گوتیشی، ماوەیەکی زۆرە خەریکی دروستکردنی هێزێکی نیزامین بەشێوەی نێودەوڵەتی وچەندین لیوای نوێ لە هەردوو یەکەی 70و80دروست کراون ومەشق و راهێنانیان پێ دەکرێت و دوای ئەوە هەنگاوی دیکە دەنرێت بۆ ئەوەی فرقەش دروست بکرێت کە ببێتە چوار فرقە، چونکە لەسیستەمی لەشکری دەوڵەتان سێ فەوج دەبنە لیوایەک و سێ لیوا بۆ فرقەیەک و سێ فرقە بۆ فەیلەقێک، ئینجا بۆ سوپایەک، هەندێک جار چوار لیوا یاخود پێنج لیوا دەکرێتە فرقەیەک.
زێباری ڕوونیشی کردەوە ، کاتێک لە وەزارەت لیوا زۆر دەبێت پێویستە فرقە دروستبکرێت، بۆیە ئێستا هەنگاو بەرەو دروستکردنی فرقە لە وەزارەتی پێشمەرگە دەنرێت، جارێ بڕیاری فرقە هەیە و هێشتا بڕیاری فەیلەق نەدراوە، بەڵام مەرجیش نییە ناوی بکرێتە فرقە، بۆیە ئێمە لەشکرێکی زۆر نیزامی و رێکوپێکمان هەیە و لەژێر فەرمان دایە و ،چۆن فەرمانیان پێبکرێت بەوشێوەیە جوڵە دەکەن، چونکە لەشەڕی داعش قەت نەیانتوانی پێشمەرگە بشکێنن و ئێستاش لەقەرەچووغ پێشمەرگە بەشەو دەچن داعش گەمارۆ دەدەن و دەیانشێکێنن کە هیچ هێزی دیکە ناتوانی ئەو کارە بکات.
بڵند ئیبراهیم




