تیمێک لەبارەی دروستکردنی پشتێنەی سەوزایی لە هەولێر دانراوە

هەولێر_KDP.info_ سەرۆکی شارەوانی هەولێر دەڵێت، هەوڵەکان بەردەوامن بۆ زیادکردنی رێژەی سەوزایی لەپارێزگای هەولێر و لەوەزارەتی شارەوانیش دوو تیم پێکهاتوون، یەکێک لەبارەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر و ئەوەی دیکەش لەبارەی هەموارکردنەوەی نەخشەی ماستەر پلانی شارەوانی هەولێر.
عەبدولواحید ئەحمەد ، سەرۆکی شارەوانی هەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، رۆژانە تیمەکانی پارک و باخچەکان لە گەڕەک و باخچەکان کاری خۆیان ئەنجامدەدەن بۆ پاراستنی ژینگەی هەولێر لەڕووی ژینگەیەوە بۆیە ڕۆژ بەڕۆژ رێژەی سەوزایی زیاددەکەین و بەنیازین تا کۆتایی ئەمساڵ رێژەکە بۆ 22%زیاد بکەین.
عەبدولواحید ئەحمەد گوتیشی، بەڕێوبەرایەتی ژینگەپارێزی هەولێریش ڕۆژانە لەرێگەی کۆمپانیاکانی خاوێن کردنەوە 2 هەزار و 200 تەن زبل وخاشاک کۆدەکەنەوە و رەوانەی کانی قرژالەی دەکەن لەوێش ژێرخاک دەکرێت تا کاریگەری لەسەر ژینگە نەبێت، هاوکات هەفتەی جارێک هەڵمەتێکی خاوێنکردنەوە بۆ گەڕەکێک ئەنجام دەدەین.
ئەحمەد ڕوونیشی کردەوە ، ئەو پشێتێنەی سەوزاییە وەزارەتی شارەوانی پێی هەڵدەسێت و تیمێک دانراوە بۆ پشتێنەی سەوزایی و تیمێکی لە بەڕێوەبەرایەتی نەخشەدانانی وەزارەتی شارەوانی هەیە بۆ بەدواداچوون بۆ هەموارکردنەوەی نەخشەی ماستەرپلانی هەولێر بەهەماهەنگی لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار.
بڵند ئیبراهیم




