" خوێندنی خێرا بۆ قوتابیانی ئێزدی جێبەجێ دەکرێت"

بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگاڵ ئاشکرایکرد، وەزارەتی پەروەردەی ھەرێمی کوردستان دەرفەتی خوێندنی خێرای بۆ قوتابیانی ئێزدی ئەوانەی بەھۆی شەڕی داعش دابڕاون جێ بەجێدەکات و دەڵێ، قۆناغی بنەڕەتی لە جیاتی نۆ ساڵ بە پێنج ساڵ دەبڕن.
مەیسەر حاجی، بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" وەزارەتی پەروەردە لە رێگەی پڕۆژەی خوێندنی خێرا بڕیاری داوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو قوتابیانەی رزگاربووی دەستی داعشن، ئەمەیش ھەنگاوی باشە بۆ نەھێشتنی نە خوێندەواری و گەڕانەوەی مافی قوتابیانی قوربانی دەستی تیرۆرستانی داعش.
بەڕێوەبەری پەروەردەی شنگال زیاتر گوتی" مەرجی گەڕانەوەی قوتابیانی رزگاربوانی دەستی داعش بۆ خوێندنی خێرا ئەوەیە بۆ رەگەزی نێر لە تەمەنی ٩ تا ٢٢ ساڵی دەتوانن خۆیان تۆمار بکەن بۆ رەگەزی مێ لە تەمەنی ٢٤ساڵی مافی خوێندنیان ھەیە.
مەیسەر حاجی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" بەپێی سیستەمی خوێندنی خێر لە جیاتی نۆ ساڵی قۆناغی بنەڕەتی قوتابیانی ئێزدی دەتوانن بۆ ماوەی پێنج ساڵ ببڕن و دواتر درێژە بە خوێندن بدەن لە قۆناغەکانی دواتر، ئەوانەشی بێبەش بوونە بەھۆی گەورەیی تەمەن لە دەستپێکی قۆناغی خوێندن دەتوانن بگەڕێنەوە قوتابخانە.
قائید میرۆ




