شاخەوان عەبدوڵڵا: ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە رێککەوتنە

بەغدا-KDP.info- ئەگەر لایەنی سەدری بەشداری بکات لایەنە عێراقییەکان جارێکی دیکە کۆدەبنەوە، ئەمە گوتەی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە و ئاشکرایکرد، ھەڵبژاردنی پێشوەختە پێویستی بە رێککەوتن ھەیە و کاری پەرلەمانە رێوشوێن بگرێتەبەر.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "کۆبوونەوەی لایەنە عێراقیەکان لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە رێکخراوە، لە کۆبوونەوەی رابردوو بڕیاردراوە کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجامبدرێت بە مەرجێک لایەنی سەدری بەشداری بکات، بەڵام تا ئێستا لایەنی سەدری ئامادەنییە بەشداری کۆبوونەوەکە بکات، ئەگەر لایەنی سەدری بەشداری کۆبوونەوەی داھاتوو نەکەن ئەوە کێشەکە چارەسەر نابێت لەبەر ئەوەی ئەوان بەشێکی کێشەکەن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتیشی: "رەوشی خەڵکی عێراق لەوپەڕی خراپیدایە و تادێت خراپتریش دەبێت، چونکە حکوومەت کاربەڕێکەرە و دەستکاری پارەی ئاسایشی خۆراک دەکرێت بەشێوەیەکی نا یاسایی ".
لەبارەی بەشداری کورد لەو کۆبوونەوانەی ئەنجامدانی ھەڵبژاردنی دیکە، شاخەوان عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە: "کورد بەشداربوو لە کۆبوونەوەی رابردوو، زۆر لایەن پێی وایە ئەنجامدانی ھەڵژاردنی پێشوەختە چارەسەرە بۆ رەوشی عێراق، بەڵام لەسەر ئالیەتەکە نەگەیشتوونەتە رێککەوتن، لەبەر ئەوەی داوای ھەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەکرێت ئەگەریش پەرلەمان ھەڵوەشێتەوە چۆن رێوشوێنی پرۆسەی ھەڵبژاردن بگرێتەبەر و یاسای ھەڵبژاردن ھەموار بکاتەوە ئەمە پێویستی بە پەرلەمانە و پێویستی بە رێککەوتنیشە".
قائید میرۆ




