٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

قایمقامی زاخۆ: ژمارەیەک شوێنی گەشتیاری دوای رووداوەکەی پەرەخێ داخراون

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ژمارەیەک گوند و شوێنی گەشتیاری بەھۆی ئاڵۆزییەکانی سنوور چۆڵکراون و قایمقامی قەزاکەش دەڵێ، دوای رووداوەکەی گوندی پەرەخێ ژمارەیەک شوێنی گەشتیاری داخراون.

مشیر محەمەد به‌شیر، قایمقامی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بەھۆی ئاڵۆزییەوە ٢٥ گوندی سنووری زاخۆ چۆڵکراون و ٨٠%ی ئەو گوندانەی چۆڵکراون شوێنی گەشتیارین و زۆرێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی زاخۆ بەھۆی ئاڵۆزی و شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکە مەترسیان لەسەرە، ھەر شوێنێک مەترسی ئەمنی لەسەر ھەبێت داخراوە و گەشتیار سەردانی ناکەن".

قایمقامی زاخۆ گوتی: "زۆربەی ئەو گوندانەی چۆڵکراون شوێنی گەشتیاریش بوونە، تەنیا لە سنووری باتیفا و دەوروبەری ئاوی خابوور وەک گەشتیارى بەکار دێت لە ئێستادا و بە دروستی ٢٠ شوێنی گەشتیاری دوای رووداوەکانی گوندی پەرەخێ داخراون".

مشیر محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "ئەو شوێنە گەشتیارانەی لە ئێستادا گەشتیار سەردانی دەکەن ھیچ مەترسیان لەسەر نییە، بەتایبەتی دوای رووداوی گوندی پەرەخێ تورکیاش وانەیەکی وەرگرتووە لەوەی دووبارە نەبێتەوە، حکوومەتی عێراقیش لە رێگەی وەزیری دەرەوە و چەند شاندێک ئاگاداری رەوشی سنوورەکەیە، خۆم باوەرم وایە رووداوی ھاوشێوە دووبارە نابێتەوە لەو شوێنانەی گەشتیارین".

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار