پەرلەمان بەدواداچوون بۆ پرسی دەست بەسەرداگرتنی زەوی بە ناوی شەھیدان دەکات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیژنەی شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان ئاشکرایکرد، لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی پرسی دەست بەسەرداگرتنی زەوی بەناوی شەھیدان لە سلێمانی دەکات و دەشڵێ، لیژنەکە سەردانی سلێمانی دەکات.
سەوسەن گەردی، سەرۆکی لیژنەی شەھیدان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لیژنەی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان لە پەرلەمانی کوردستان کۆببێتەوە و لە کۆبوونەوەکە بڕیار لەسەر پێکھێنانی لیژنەیەک دەدرێت بۆ بەدواچوونی پرسی دابەشکردنی زەوی لە سنووری پارێزگای سلێمانی، چونکە ماوەیەکە باس لە دابەشکردن و دەست بەسەرداگرتنی زەوی دەکرێت لەو سنوورە بە ناوی شەھیدانەوە".
سەرۆکی لیژنەی شەھیدان دەشڵێت: "لیژنەکە سەردانی پارێزگای سلێمانی دەکات، تا لە راستی و دروستی بابەتەکە دەکۆڵێتەوە و بەدواداچوونی بۆ دەکرێت دوای سەردانەکەش بە راپۆرت لایەنە پەیوەندارەکان ئاگادار دەکرێنەوە".
سەوسەن گەردی ڕوونیکردەوە: "ئێمە بە فەرمیی ئاگادار نینە لە وردەکاری دەست بەسەرداگرتن و دابەشکردنی زەوی بە ناوی خانەوادەی سەربەرزی شەھیدان و دوای سەردانی لیژنەکە ڕووندەبێتەوە چیکراوە بە ناوی شەھیدان، کە ئایا راستە زەوی بەناوی شەھیدان دەستی بەسەردا دەگیرێت".
قائید میرۆ




