٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

یەکێتیى زانایانى ئایینى: له‌گه‌ڵ وەزیری گواستنەوە دانیشتنێكی سه‌ركه‌وتوانه‌مان كرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- مەلا عەبدوڵڵا وەیسی، سەرۆکى یەکێتیى زانایانى ئایینى كوردستان، لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، ئێمە ئەرکى پاراستنى ڕەوشتى کۆمەڵگەمان لەئەستۆیە، بۆ ئەم مەبەستە سەردانى وەزیرى گواستنەوەى هەرێم و سەردانى داواکاری گشتیمان کرد، بۆ ئەوەى بەها کۆمەڵایەتییەکان بپارێزین، هەروەها ڕێگری لە رێکلامى مادەى هۆشبەر و مادە کحولییەکان و ماڵپەڕە سێکسییەکان و مامەڵە ئەلیکترۆنییەکان و ڕێگرى لە سووکایەتى بە پیرۆزییەکان بكرێ، کە کاریگەریى خراپیان لەسەر هزرى تاکى کۆمەڵگەدا دەبێت.

گوتیشی: "ئێمە پشتیوانیى ئەو پاکێجەى وەزارەتى گواستنەوە دەکەین، کە هۆکارى پاراستنى بەها کۆمەڵایەتی و ڕەوشتییەکانى کوردستانە، کە ناویان ناوە پاکێجى خێزانى.

لای خۆشیەوە، ئانۆ جەوهەر، وەزیرى گواستنەوە و گەیاندنى حكوومەتی هەرێمى کوردستان باسی لەوە کرد، کە بە ڕێنمایی سەرۆکى حکوومەت، پاکێجى خێزانیمان ئامادە کردووە و خێزانەکان سەرپشکن لە بەکارهێنانى ئەو پاکێجانە، کە ڕێگریى دەکات لە سووکایەتیكردن بە ئایین و مامەڵەى ئەلیکترۆنى و مامەڵەى چەک و توندوتیژى و ماڵپەڕە سێکسییەکان و چەندان ماڵپەڕ و پێگەى دیکە، كە دەبنە هۆی تێکدانى شیرازەى کۆمەڵگە.

گوتیشی: "ئێمە دەتوانین بەردەوام ئەو چەپکە خێزانییە چالاک بکەین و گۆڕانگاریى تێدا بکەین، بۆ ئەوەى بە ڕاى هەموو لایەک ئامادە بکرێن، لە ماوەى دوو ڕۆژى ڕابردووشدا چەندان داواکاریى هەیە بۆ داخستنى (پۆبجى)، کە ئەوە ئێستا تەنیا داواکارییە و هێشتا لە لێكۆڵینەوەدایە.

وەزیرى گواستنەوە ئاماژەى بۆ ئەوەش کرد، کە گۆڕینى هێڵە گشتییەکان بۆ (چەپکى خێزانى) هیچ تێچوویەکى لەسەر بەکارهێنەران نییە، جگە لەوەش، لەگەڵ وەزارەتى ناوخۆ لە هەوڵداین، بۆ ئەوەى سیمکارتە بێ پێناسەکان ڕابگیرێن.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار