وەزارەتی تەندروستی بۆ KDP: بە دەرکردنی رێنمایی دەست بەو چاکسازیە کراوە
ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی تەندروستی ئاشکرایکرد، وەزارەت خەریکی رێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و گشتیە و دەشڵێ، لەسەر ئاستی باڵای وەزارەت رێنمایی دەردەکرێن بۆ ئەو رێکخستنەوەیە.
د. ڕەھێڵ فەرەیدوون، بریکاری وەزارەتی تەندروستی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بە مەبەستی زیاتر بەرەو پێشبردنی کەرتی تەندروستی و خزمەتکردنی ھاووڵاتیان دەست بە رێکخستنەوەی کەرتی تەندروستی کراوە، بەتایبەتی پەیوەندی نێوان ھەردوو کەرتی تایبەت و گشتی، پێشتر بڕیاربوو لە رێگەی پڕۆژە یاساوە کار بۆ رێکخستنەوەی کەرتی تایبەت و گشتی بکرێت، بەڵام ئێستا بە دەرکردنی رێنمایی دەست بەو چاکسازیە کراوە ".
بریکاری وەزارەتی تەندروستی گوتی: "وەزارەتی تەندروستی لەسەر ئاستی باڵا خەریکی رێکخستنەوەی پەیوەندی نێوان ھەردوو کەرتی گشتی و تایبەتە، زیاتر لە ساڵێکە گرێبەست لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی کراوە بۆ ئەو مەبەستە و ئەوانیش چەندین پێشنیازیان ئامادەکردووە و دەست بە جێبەجێکردنی دەکەین".
د. ڕەھێڵ ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد: "کەرتی تایبەت و گشتی جیا ناکرێتەوە، بەڵکو رێکدەخرێتەوە، لەڕووی نرخشیەوە وەزارەت دەستی بە جێبەجێکردنی پلانی خۆی کردووە و نرخی نەشتەرگەری لەکەرتی تایبەت دیاری دەکرێت".
قائید میرۆ




