وەزارەتی خوێندنی باڵا بۆ KDP: زانکۆکان خۆیان بڕیاردەدەن

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی، زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان لەبڕیاردان لەبارەی یەکپۆشی جل و بەرگی قوتابیان سەرپشکن، بەڵام پێویستی بەڕەزامەندی ئێمەش ھەیە و کە ئەوانیش ڕازیبن ئێمە لاریمان نابێت، بۆیە ئەوەی تا ئێستا بڕیاریداوە زانکۆی سەڵاحەدینە.
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "زانکۆکان خۆیان بڕیاردەدەن لەبارەی یەکپۆشی جل و بەرگی قوتابیان و تا ئێستاش تەنھا زانکۆی سەڵاحەدین ئەو بڕیارەی داوە و ئەوانەی دیکە ھێشتا بڕیاریان نەداوە و پێویستە ئەو بڕیارە بێتە وەزارەت و ڕەزامەندی لەسەر بدرێت، بەڵام کە زانکۆ بڕیاربدات و قوتابی ڕازیبن ئێمە لاریمان نابێت ".
عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق گوتیشی: "خۆی دێتە وەزارەت بۆ ڕەزامەندی و ئەگەر ھیچ گرفتێکی ھەبێت وەزارەتیش ڕای خۆی دەبێت، بەڵام کە گرفتی نەبێت وەزارەتیش لاری نابێت، بۆیە زانکۆکان لەبڕیاردان لەبارەی یەکپۆشی سەرپشکن، کە ئەو کارە بکەن یاخود نا ".
بڵند ئیبراھیم




