"پیشەسازی خۆراک لە کەرتی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبوەەتەوە"
__2022_08_18_h14m58s29__ER.jpg)
بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ئاشکرای کرد، بەپێی پلانی حکوومەت رێژەی پیشەسازی خۆراک لەکەرتی کشتوکاڵ بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز بوەتەوە و دەشڵێ، ھەرکەسێک پلانی بۆ دانانی کارگە ھەیە باشترین ھاوکاری دەکرێت.
نەبەز رەفعەت، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ بەمالپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەرێگەی وەزارەتی کشتوکاڵەوە ھەنگاوی باشی ناوە بۆ پیشەسازی خۆراک لە کەرتی کشتوکاڵ و پێشتر پیشەسازی خۆراک لەکەرتی کشتوکاڵ تەنیا سەتا یەک و نیو بووە، بەڵام لەسێ ساڵی رابردوودا ھەنگاوی زۆر باش نراوە و توانیومان رێژەکە بگەیەنینە ٨% ئەوەیش رێژەیەکی باشە بۆ بەرەو پێشبردنی پیشەسازی خۆراک لە ھەرێمی کوردستان.
راوێژکارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ گوتی" ئێمە تەنیا دوو کارگەی لە قووتوونانمان ھەیە ئەوانیش کارگەی ھەریر و بازیانن، بەڵام ژمارەیەکی زۆری کارگەی کەرتی تایبەت ھەن و ھەرکەسێکیش پلانی ھەبێت بۆ دانانی کارگە و ساخکردنەوەی بەرھەمی ناوخۆ وەزارەت باشترین ھاوکاری پێشکەش دەکات، چەندین داواکاریش گەیشتوونەتە وەزارەت بۆ دامەزراندنی کارگە.
نەبەز رەفعەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" وەزارەتی کشتوکاڵ لە دوولاوە ھەوڵی پاراستنی بەرھەمی ناوخۆی داوە یەکەم، لەکاتی پێگەیشتنی ھەر بەرھەمێکی ناوخۆ بەرھەمی دەرەوە قەدەغە دەکرێت بۆ ئەوەی کاریگەری لەسەر بەرھەمی ناوخۆ نەبێت، خاڵی دووەم کردنەوەی کارگەی ناوخۆیە بۆ ئەوەی ئەو بەھەمەی جووتیاران ھەیانە لەکاتی پێگەیشتنی ساخبکرێتەوە.
قائید میرۆ




