وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پلانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە

ھەولێر-KDP.info- بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن دەڵێ، پلانمان ناردووە بۆ سەرۆکایەتی حکوومەت تا گوژمەی ١٧٦ ملیار دینار بۆ دەستپێکردنی ژمارەیەک پڕۆژە خەرج بکرێت و چاوەڕێی وەڵامی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانین.
ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بەماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە پلانی خۆی بۆ سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران ناردووە و ئامادەباشی کراوە بۆ دەستپێکردنی ژمارەیەک پڕۆژەی رێگاوبان، پلانەکەی وەزارەت پێکھاتووە لە چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر کە ئێستا چاوەڕێی پەسەندکردنی پلانی ئەمساڵین لەلایەن سەرۆکایەتی حکوومەت بۆ جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە".
بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە دەشڵێت: "ئێمە وەک ئاوەدانکردنەوە داوای ١٧٦ ملیار دینارمان لە سەرۆکایەتی حکوومەت کردووە بۆ ئەوەی بتوانین ئەو پڕۆژانەی رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران کراون بکەونە بواری جێبەجێکردن".
ئاگرین عەبدوڵڵا ڕوونیکردەوە: "بەشێک لەو پڕۆژانەی رەوانەی سەرۆکایەتی ئەنجوومەن کراون پڕۆژەی پێشتربوونە کارکردن تێدا راگیراوە، ھەر کاتێک پلانەکەی وەزارەت پەسەندکرا ئێمەش ئامادەیی تەواومان کردووە بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بکەین".
قائید میرۆ




