رێکارەکان تهواوبن دەست بە جێبەجێکردنی فڕۆکەخانەی دھۆک دەکرێت

سێمێل-KDP.info- لە سنووری قەزای سێمێلی پارێزگای دھۆک ئەمساڵ زیاتر لە شەست پڕۆژە جێبەجێکراون و قائیمقامی قەزاکەش دەڵێ، پلانی دروستکردنی فڕۆکەخانەی دھۆک کاری لەسەر دەکرێت و لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانە.
خەلیل مەحموود، قائیمقامی سێمێل، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ لە سنووری قەزای سێمێل زیاتر لە ٦٥ پڕۆژە جێبەجێکراون، لەسەر بوودجەی پەرەپێدانی پارێزگاکان ٤٠ پڕۆژە جێبەجێکراون، ھەندێک پڕۆژەی دیکە لەسەر بوودجەی ئیدارەی نەینەوا بووە، چونکە دوو ناحیە ھەن ئەوانیش بەشدارن و دەکەونە سنووری ھەرێمی کوردستان، بەڵام دەکەونە سنووری ناوچە کوردستانیەکان ئەوانیش ناحیەی دۆمیز و فەیدیەن".
قائیمقامی سێمێل ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "لەو پڕۆژانەش بەشێکیان ستراتیژی بوونە لەوانەش، ئەندەر پاسی سێمێل پێش چەند رۆژێک کرایەوە، بهشی ھەرە زۆری پڕۆژەکانیش تەواوبوونە و تەنیا چوار پڕۆژە ماون و لە ئێستادا لە قۆناغی جێبەجێکردنن ".
لەبارەی فڕۆکەخانەی دھۆک، کە دەکەوێتە سنووری قەزاکە، خەلیل مەحموود گوتی: "پێشتر بەھۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش نزیکەی ٢٥ پڕۆژە راگیرابوون، یەکێک لەو پڕۆژانەی راگیراوە و کاری تێدا نەکراوە پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دھۆکە، لەمانگی ئەیلوولی ساڵی رابردوو سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان خۆی سەردانی قەزای سێمێل و شوێنی فڕۆکەخانەكهی کرد و جەختی کردەوە، کار لەسەر پڕۆژەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دھۆک دەکرێت و ھەرکاتێک رێکارەکان کۆتایی بێن دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی فڕۆکەخانەی دھۆک دەکرێت".
قائید میرۆ




