٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بڕیارە رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھاوکاریە مرۆیەکانیان ڕابگرن

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە دھۆک گوتی، رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھاوکاریەکانیان زۆر کەمکردۆتەوە و بڕیارە تا کۆتایی ساڵ بەتەواوی ھاوکاری مرۆیی بۆ ئاوارەکان ڕابگرن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەھەوڵی چارەسەرکردنی ئەو گرفتە دایە و حکوومەتی عێراقیش بێ دەنگە، چونکە نیو ملیۆن ئاوارە لەسنووری پارێزگای دھۆکن و ئاوارەکانیش ئامادەنین بگەڕێنەوە.

پیر دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە دھۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەھەوڵی چارەسەرکردنی کێشە و گرفتی ئاوارەکاندایە بەھۆی ئەوەی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان ھاوکاریەکانیان زۆر کەمکردۆتەوە و بڕیارە تا کۆتایی ساڵ سەرجەم ھاوکاریە مرۆیەکانیان ڕابگرن".

پیردەیان جەعفەر گوتیشی: "کێشەی ھەرە گەورەی ئاوارەکان گرفتی ئاوە لەکەمپەکان و ھاوکات پارەی مانگانە دەدرایە ئاوارەکان ئێستا لێیان بردراوە و تەنھا بەشێکی کەم پێیان دەدرێت و کۆکردنەوەی زبل و خاشاکیش حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەو کارە ھەڵەستێت کە ئەو کارەشیان ڕاگرتبوو، بۆیە ھەموو بارگرانیەکە کەوتۆتە سەر حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقیش بێ دەنگە و ھیچیان بۆ ناکات".

بەڕێوەبەری فەرمانگەی ھەماھەنگی و قەیرانەکان لە دھۆک ڕوونیشیکردەوە: "ئاوارەکانیش ئامادەنین بگەرێنەوە، چونکە ئێمە ئاوارە و پەنابەرمان لە دھۆک ھەیە کە ژمارەیان نیو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر دەبێت و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەزۆر کەس ناگەرێنێتەوە، چونکە بەشێکی زۆریان خەڵکی شنگالن".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار