گەنجان پیرۆزبایی لە سەرۆک بارزانی دەکەن

هەولێر -KDP.info- چەند گەنجێکی کوردستان پیرۆزبایی خۆیان ئاڕاستەی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرجەم سەرکردە و ئاندامان و پێشمەرگە قارەمانەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان بەبۆنەی ٧٦ەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتییەوە دەکەن و دەڵێن، پارتی زەروورەتێک بووە لەوکات و بۆ ئێستا و داهاتووش.
سۆران بەکراوایی، دانیشتووی شاری هەڵەبجەی شەهیدە و بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، کە لەیادی دامەزراندنی پارتیدا، پیرۆزبایی لە جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرجەم کاردیر و پێشمەرگە دڵسۆزەکانی پارتی دەکات.
دەشڵێ، کە جێگای خۆیەتی لەم یادە پڕشکۆیەدا، ئاماژە بە چەندین دەستکەوتی گەورەی پارتی بدا لە مێژووی ڕزگاری خوازی گەلی کورددا، کـە پارتی بۆ نەتەوەکەی بەدی هێناوە و، هەتاکو ئێستاشی لەگەڵدابێت، جێگای شانازی تاک بەتاکی میللەتەکەمانە، یەکێ لە گەورەترین سەروەری، هەڵگری ئاڵای کوردستانە وەک میراتی لە پێشەوا قازی محەمەد، کە دراوە بە باوکی ڕۆحی نەتەوەکەمان مەلا مستەفا بارزانی و، تا ئێستاش بەگیان و ڕۆح بەرگری لەو ئاڵایە دەکرێت.
سۆران نموونەی دەستکەوتێکی دیکەی پارتی دیموکراتی کوردستان دێنێتەوە، کە جێی شانازییە، دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستانە و، بە نموونەیەکی جوانی مۆدێرنی حوکمڕانی لەناوچەکەدا وێنای دەکات، کە جێگای خۆیەتی شانازی بەوەبکرێت، کە لەناو پەرلەمان و حکومەتدا مافێکی تەواوی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەکانی کوردستان دراوە، ئەوەش هەر بە هەوڵ و تێکۆشانی پارتی بووە.
سۆران باس لەوەش دەکات، کە جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی، کاریگەری لەسەر پرسەکانی کوردستان و عێراقیشدا هەیە، هەر بۆیە بەشێکی زۆر لە سیاسەیە عێراقییەکان جەنابی سەرۆک، وەک "رجل مرحلە" ناو دەبەن و، هەمیشە بۆ کێشمەکێشەکانی دەوڵەتی عێراق، پەنا دێننەوە بۆ لای پارتی و جەنابی سەرۆک بەتایبەتی.
فرمێسک فەرەیدون، کە بەکالریۆسی لە دیپلۆماتیک و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان هەیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، لای هەموولایەکمان ئاشکرا و ڕوونە، کوردستان و عێراق و ناوچەکە بەگشتی، کراوە بە مەیدانی کێشمەکێشی دەوڵەتانی زلهێز و هەرێمی، بـەڵام بە سیاسەتی حەکیمانە و خۆڕاگری سەرۆک بارزانی و پارتی، توانراوە قەوارەی هەرێمی کوردستان بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، کە ئێستا هەرێم بووەتە جێگای حەوانەوەی ئاوارە و ئەو کەسانەشی کە لەدەوڵەتی عێراقدا هەست بەئاسایش ناکەن رووی تێدەکەن، لەڕووی سەربازیشەوە بووەتە سەنتەرێکی باشی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی و، زۆر بەئاسانی کاری خۆیان دژ بەتیرۆر ئەنجام دەدەن، ئەوەش بە هاوکاری هێزەکانی پێشمەرگە و، بەتایبەتی هێزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان.
شەماڵ کاکەوڵا کاسبکارێکی دانیشتووی هەولێرە و، هەر بەو بۆنەوە دەڵێ، پارتی دیموکراتی کوردستان، هەر لە دامەزراندنییەوە لە پێناو پرسە گرینگەکانی نەتەوەی کورد دامەزراوە و، تا ئێستا بەچەندین هەوراز و نشێودا گوزەری کردووە، تا گەیشتووە بە ئێستا، وەکخۆی گوتی دەتوانێ بڵێ تاکە حیزب لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستا و لەو تەمەنەدا هەر بە بەهێزی مابێتەوە، تەنیا پارتی دیموکراتی کوردستانە، هۆکاری ئەوەشی بۆ پێداگری لە پرسە نەتەوەییەکە و لانەدانە لەسەر ئەو رێبازە پیرۆزەی بارزانی نەمر، کە حزبەکەی لەسەر دامەزراوە.
شەماڵ ئەوەشی خستەڕوو، ئەوەی لە هەرێمی کوردستان و لە عێراق و تەنانەت بەرانبەر وڵاتانی هەرێمی و جیهان، بەرگری لە مافی کورد دەکات، بە پێکهاتەکانی نێو کوردستانیشەوە، جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتییە، کە بۆ ساتێکیش سازشیان لەو میتۆدە پیرۆزە نەکردووە و، ئەوەشی ئێستا هەیە، بەرهەمی رێبازی پیرۆزی بارزانی نەمرە.
لە کۆتاییدا پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی سەرۆک بارزانی و سەرجەم کادر و پێشمەرگە و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد و، وتی: "تەمەنی سەرۆک درێژ بێت، زۆر دەستکەوتی مەزنی دیکەش بۆ کورد و کوردستان دەبینین".
خێڵان بەختیار




