٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسان: پارتی هەمیشە خۆی لەگەڵ بارودۆخەکاندا دەگونجێنێت.. بەردەوام خۆی نوێ دەکاتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمساڵ جیاوازتر لە ساڵانی رابردوو و لە پێناو نوێبوونەوە و گەشەکردنی بەردەوامدا، کۆنگرە دەبەستێت. بەرپرسانی پارتیش لە ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتیدا دەڵێن، پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە لەگەڵ ھەر ھەلومەرجێک کە لە کوردستان و عێراقدا ڕووی داوە، خۆی گونجاندووە و ھەمیشە لە ئاست ئەو بەرپرسیارییەتە نەتەوەیی و نیشتمانییەدا بووە کە لەسەر شانیەتی.

بڵند ئیسماعیل، ئەندامی سەرکردایەتیی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی حزبی ژمارە یەکە لە ھەرێمی کوردستان و لە عێراقیشدا، کە یەکێکە لەو حزبانەی لە ٧٦ ساڵی تەمەنیدا، توانیویەتی لەگەڵ سەرجەم ھەلومەرجە تازەکان و گۆڕانکارییەکاندا خۆی بگونجێنێت و هەمیشە خۆی نوێ دەکاتەوە، چ لە ئاستی بەرنامە و پەیڕەو و پڕۆگرام و کارکردن، چ لە ئاستی سەرکردایەتیش، بۆیە بەردەوام وا بە زیندوویی ماوەتەوە".

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتیی پارتی دەشڵێ: "ئەمساڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کۆنگرە دەبەستێت، ئەمەش دەرفەتێکی زێڕینە، چونکە زیاتر لە ١٠ ساڵە کۆنگرە نەبەستراوە بە حوکمی ئەو ھەلومەرجەی لە عێراق هاتووەتە پێش لەگەڵ هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆنا، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەمجارە لەم کۆنگرەیەدا بەپێی ھەلومەرجی تازەی عێراق و کوردستان و ناوچەکە، پارتی پێویستی بەوەیە بەرنامە و پڕۆگرامی خۆی بەرەو پێش ببات، لە ھەمان کاتدا دەستوور و پڕۆگرامی کارکردنی پارتی، ئۆرگانەکان لەسەری دەڕۆن لە ھەموو بوارێکدا و کاری پێدەکەن، پەیڕەوەی ئەمجارەش بێگومان لەگەڵ هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی و ڕۆشنبیری و ئابووریی ھەرێمی کوردستان دەگونجێندرێت، چونکە پارتی ھەمیشە لەگەڵ دۆخە نوێیەکاندا خۆی دەگونجێنێ، بەرچاویشی ڕوونە و زیاتر دەیەوێت ئامادەسازی ھەبێت و بەرەوڕووی قەیرانەکان ببێتەوە".

ھیوا گەیلانی، بەرپرسی لقی ١١ـی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ڕانیە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "١٦ی ئاب رۆژێکی مێژوویی و پڕشنگدارە لە مێژووی نەتەوەی ئێمەدا، کە ھەم ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆکێکی کارێزمی و نەتەوەیی باڵایە، کە قاڵبووەوەی ناو کورەی خەباتی شۆڕشگێڕییە، ھەم یادی دامەزراندنی پارتییە، کەوا حەفتاوشەش ساڵە پێشڕەوایەتیی خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕی دەکات لە کوردستاندا، کە کەم پارتی سیاسی ھەیە لە ناوچەکەدا تەمەنی گەیشتبێتە حەفتاوشەش ساڵ و بە پێشەنگی مابێتەوە".

گەیلانی ئاماژەش دەدات: "بێگومان کۆنگرە وێستگەیەکی گرنگی بەخۆداچوونەوە و نوێبوونەوەیە، ئەمساڵ لە کاتێکدا یادی ١٦ی ئاب و دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە، کە بڕیاری کۆنگرەی چواردەھەمی پارتی دراوە و ھەموو ئۆرگانەکان سەرقاڵی خۆئامادەکردنن بۆ کۆنگرەی داھاتوو، لە کۆنگرەدا ھەم بەپێی پێداویستیی قۆناغی ئێستا گۆڕانکاری لە پەیڕەو و پرۆگرامدا دەکرێ، ھەم نوێبوونەوە لە سەرکردایەتیدا ڕوودەدات، بە جۆرێک ھەم دەرفەت بۆ کەسانی گەنج و تێگەیشتوو و پێگەیشتوو دەڕەخسێنرێ، ھەم سوود لەم شۆڕشگێڕە بەئەزموون و سیاسییە دێرینەکان دەبینرێ، کە ھەمیشە و لە ھەموو قۆناغ و کۆنگرەکاندا وابووە پارتی ئەزموون و شارەزایی تێکۆشەرە بەتەمەنەکان و تاقەت و توانا و لێهاتوویی گەنجەکانی تێکەڵ بە یەکدی کردووە".

ئەکرەم ساڵح، بەرپرسی لقی "٢٢"ـی گەرمیانی پارتی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پارتی ٧٦ ساڵ بەر لە ئێستا لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دامەزرا، پارتی لە ھەلومەرجیکدا دامەزرا، کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد تووشی شکستی گەورە ببوو لە ھەر چوار پارچەی کوردستان، لەو بارودۆخە سەختەدا پارتی ھیوای بۆ کورد گەڕاندەوە و ستەم و ژێردەستەیی داگیرکەرانی کوردستانی ڕەت کردەووە و بیری کوردایەتی لە ناخی خەڵکی کوردستاندا جۆش دایەوە و بە ئیرادەیەکی بەھێزەوە سەرکردایەتیی خەباتی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستانی گرتە ئەستۆ و توانی لە ماوەی خەباتیدا دەستکەوتی گەورە بۆ کوردستان بەدەست بھێنێت".

ئەو بەرپرسەی لقی گەرمیان ڕوونیشی کردەوە: "پارتی پاش ٧٦ ساڵ تەمەن، ھێزێکی کاریگەری گۆڕەپانی سیاسیی کوردستانە و لە ئاستی عێراق و نێودەوڵەتیش ڕۆڵی گرنگ و چارەنووسسازی ھەیە، ئەمەش لەخۆوە نەھاتووە و ئەنجامی سیاسەتی عەقڵانی و ڕەسەنایەتیی ئایدیا و ڕێبازی خەباتی پارتییە، ھەر بۆیە پارتی بە بەردەوامی و بە سوودوەرگرتن لە وزە و توانای خەڵکی کوردستان، خۆی نوێ کردووەتەوە و بە باشی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی سەردەمدا خۆی گونجاندووە".

 

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار