"خەڵکی ناوچە کوردستانییەکان ئاواتەخوازن پارتی سەقامگیریی ناوچەکانیان بپارێزێت"

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ١٦ی ئاب، لە ٧٦ـەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، بەرپرسانی هەرسێ لقی شنگال، مووسڵ و مەخموور دەڵێن، خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئاواتەخوازن پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم ناوچانە بەڕێوە بەرێت، بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری لەم ناوچانەدا پارێزراو بێت. ڕوونیشی دەکەنەوە، ئاوارەکان چاکەی ھەرێمی کوردستانیان لەبەرچاوە لە کاتی ھاتنی داعش بۆ ناوچەکانیان.
عەلی خەلیل، بەرپرسی لقی چواردەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە مووسڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پیرۆزبایی یادی دامەزراندنی پارتی و ھاوکات لەدایکبوونی جەنابی سەرۆک بارزانی، ئاڕاستەی گشت ئەندام و لایەنگرانی پارتیمان دەکەین، خەڵکی مووسڵ بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە یادی ئەم ڕۆژە دەکەنەوە و پیرۆزی دەکەن، خەڵکەکەی و دەوروبەرەکەشی ئاواتەخوازن ھەرێمی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان ئەم دەڤەرە بەڕێوە ببەن و لەگەڵیان بن، چونکە لە کاتی ھاتنی داعش بۆ مووسڵ و داگیرکردنی، خەڵکی مووسڵ زۆرینەی ڕووی لە ھەرێمی کوردستان کرد، ئەوکات جەنابی سەرۆک بارزانی بە دڵێکی زۆر فراوانەوە بەخێرھاتنی ئاوارەکانی مووسڵی کرد و شوێنیان بۆ دابین کرا و ئەو چاکانەیان لە بەرچاوە، ھاوکات ئێمەش بە ھەموو توانامانەوە ھەوڵ دەدەین پارتی بەرەو ئایندەیەکی گەشتر ببەین، وادیارە حزبەکەمان لە سەروبەندی کۆنگرەیە و تەمەننا دەکەین کۆنگرەیەکی سەرکەوتوو بێت و کەسی شایستە لە شوێنی شیاو بەردەوام بێت لە کار و خزمەت، تا بتوانین لە قۆناغی داھاتوودا، ئاستەنگەکان تێپەڕێنین وەک ھەمیشە، بێگومان پارتیش بەردەوام بە بەھێزی دەمێنێتەوە و سیاسەتی خۆی بە ڕێکوپێکی جێبەجێ دەکات".
هاوکات ئاشتی کۆچەر، بەرپرسی لقی حەڤدەی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شنگال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "لە ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستاندا، پیرۆزبایی لە سەرکردایەتیی پارتی دەکەین، دەڤەری شنگال لە دەستپێکەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بووە، لە دوای چەندین ھەڵبژاردنیش کە لە شنگال کراون، چ پەرلەمانی عێراق یاخود پەرلەمانی کوردستان، پارتی زۆرینەی دەنگەکانی لەو دەڤەرە و ناوچەکانی تریش بەدەست ھێناوە، بە تایبەت ئەم دەنگدانەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمە لە کاتێکدایە بارەگای پارتی ماوەیەک لە شنگالیش نەبووە، بەڵام خەڵکەکەی ھەر لەگەڵ پارتی بوونە و چاوەڕێ بوون بارەگاکانی بێنەوە تاوەکو ئەمن و ئاسایش لە دەڤەرەکە پارێزراو بێت و بە ئارامی ژیان بکەن". گوتیشی؛ پارتی لە کوێ بێت، ئەمنیەت و سەقامگیری لەو جێیەیە.
لە لایەکی دیکەشەوە، کرمانج عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی بیستوسێی پارتی لە مەخموور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە سەرەتای دامەزراندنییەوە، بیر و ھزری پارتی دیموکراتی کوردستان و سیاسەتەکەشی، بۆ پێشخستنی پرسی نەتەوایەتی و پاراستنی قەوارەی ھەرێمی کوردستان بووە، هەر بۆیەش بەم یەکگرتوویی و بەو خاوەن مەرجەعیەتە سەرکەوتوو بووە و ماوەتەوە، کە ھەمیشە خاوەنی بیرۆکەی گرنگ بووە بۆ کوردستان و جەماوەرەکەی، پارتی وەک ڕێژەیەکی نەگۆڕە و بە ئەبدەیتی نوێوە لەگەڵ جەماوەرەکەی و خەڵکی کوردستان بووە، ئەگەر سەیر بکەین پارتی سەرتاسەری کوردستانی بە یەک چاو سەیر کردووە، پێشمەرگە ھەبووە خەڵکی دەڤەری بارزان بووە، لە سلێمانی شەھید بووە لە پێناو پاراستنی کوردستاندا، بۆیە دەتوانین بڵێین پارتی درێژەپێدەری ڕێبازە نەتەوایەتییەکەیەتی و ھەمیشە لە کاتە ناھەموارەکان خەڵکی خۆی جێنەھێشتووە و پاڵپشتیان بووە و لە رێگاچارە گەڕاوە، تاوەکوو گەلی کوردستان لەنێو ئاشتی و ئارامی و سەقامگیریدا بژین".
فایزە کۆیی




