٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرکردەی پارچەكانی تری کوردستان بۆ KDP: پارتی بۆ خزمەتی کوردستان دامەزراوە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرکردەی پارتەکانی پارچەی تری کوردستان دەڵێن، پارتی زەرورەتێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە، ھەر کاتێک پارچەکانی کوردستان بکەوێتە حاڵەتێکی نەخوازراو، پارتی دیموکراتی کوردستان پێش ھەمووان پشتیوانی ئەوان دەکات.

شەلال گەدۆ، سەرۆکی پارتی چەپی دیموکراتی کورد لە سووریا و نوێنەری ئەنەکەسە لەسەر ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەڵێت: "پارتی نەک تەنیا بۆ باشووری کوردستان گرنگە بگرە بۆ ھەموو کوردێک لە ھەموو پارچەکانی دیکە و ھەموو شوێنێک گرنگە، بە تایبەت رۆژئاوای کوردستان چونکە خەڵک دەیزانێ مەشروع و ئامانجی پارتی گەیشتنی کوردە بە مافەکانیان".

ئەو بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی:  "خەڵکی رۆژئاوای کوردستان ھیوایی گەورەیان بە پارتی دیموکراتی کوردستان ھەیە، ھەر لە رۆژی دامەزراندنی پارتیەوە و تا ئێستا ستراتیژییەتی پارتی دیاربووە، کە خزمەتی گەلی کورد و گەیشتنی گەلی کورد بە مافە مەشرووعییەکان بووە".

گەدۆ گوتیشی:  "ئێستا پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەر ساحەی نێودەوڵەتی کار دەکات، ھەمووان پێگە و ڕۆڵی پارتی لە رۆژھەڵاتی ناڤین و جیھان باش دەزانن، چونکە حزبی یەکەمی عێراق و ھەرێمی کوردستانە، دەتوانێت ھاوسەنگی ھێز بگۆڕدرێت ".

"بۆ رۆژئاوایی کوردستانیش، پارتی لە کۆنەوە پشتیوانی خەباتی سیاسییە بۆ رۆژئاوای کوردستان و پارتی پشتیوانی خەڵکی رۆژئاوای کوردستان و مافەکانی رۆژئاوای کوردستان بووە. گەدۆ وای دەڵێ ".

سینان چفتیۆرەک، سەرۆکی گشتی پارتی کۆمۆنیستی کوردستان، لە باکووری کوردستانیش پێی واییە، پارتی و سەرۆک بارزانی ھەمیشە خۆیان کردۆتە قوربانی لە پێناو مافەکانی گەلی کورد و ھەر لە سەردەمی بارزانی باوکەوە و تا سەرۆک مەسعود بارزانی پارتی کاردەکات بۆ سەربەخۆی گەلی کوردستان.

چفتیۆرەک بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستا گوتی: "سەرکەوتن و مانەوە و بەھێزی پارتی لە سەرکردایەتییەکەیدایە، چونکە سەرکردایەتییەکەی ھەڵقوڵاوی جەماوەرەکەیەتی، قاعیدەی پارتی متمانەیەکی گەورەی بە پارتی ھەیە، چونکە خەڵک دەیزانێ پارتی بۆ خزمەتی کوردستان دامەزراوە ".

ناوبراو گوتیشی: "سەرۆک بارزانی سەرۆکی پارتی، سەرکردەییەکی دیاری کوردە لە نێو ساحەی سیاسیی دا لە ناوچەکە، ھاوکاتیش پێشمەرگەیەکە بۆ پاراستنی کورد و کوردستانییەکان بۆیەشە لە ھەر شوێنێک پێویستی بە پارتی بێت، پارتی وجوودی ھەیە و پێش ھەموویان لە خەمی کوردان".

 

 کــاروان باعەدری

هەواڵی پەیوەندیدار