"پێشمەرگە بەدوای داعشدا دەگەڕێن"

ھێزەکانی پێشمەرگە لە چەندین میحوەرەوە ھەوڵەکانیان چرکردووتەوە بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش و فەرماندەیەکی پێشمەرگەش دەڵێ، پرۆسەی سیاسی عێراق کاریگەری ھەبوە لەسەر ئەنجامنەدانی ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش.
لیوا محەمەد رۆستەم، فەرماندەی پێشمەرگە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" لەگەڵ تێکچوونی رەوشی عێراق چەکدارانی داعش دەیانەوێ دەست بە جووڵە بکەنەوە و لەچەند ناوچەیەک ھەست بە جووڵەیان دەکرێت، بەڵام پێشمەرگە رێگە لە ھەر جووڵەیەکی داعش دەگرێت ئەگەر بیانەوێ رەوشی عێراق بەکاربێنن بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی، بەتایبەتی لەناوچەکانی گەرمەسێر و گەرمیان.
دوێنێ ھێزەکانی پێشمەرگە لە دەڤەری گەرمەسێر کێوماڵی ناوچەکەیان
کرد و سەرچاوەیەکی ئاگاداریش بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" ئۆپەڕاسیۆنەکەی پێشمەرگە لەسەر بنەمای زانیاری بوە لەبارەی ھەبوونی چەکدارانی داعش لەو سنوورە، ھاوکات شەوی رابردوو داعش لە باشووری قەزای داقووق ھێرشیان کردووتە سەر گوندی سمود و لە ئەنجامدا ماڵی موختاری گوندەکەیان تەقاندووتەوە و مێردمنداڵێکیش رفێندراوە.
لێوا محەمەد رۆستەم روونی کردەوە" بڕیاربو ئۆپەڕاسیۆنی بەرفراوان لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق ئەنجامبدرێت، بەڵام بەھۆی تێکچوونی رەوشی عێراق دیارنییە کەی ئۆپەڕاسیۆن دەکرێت، بەپێی زانیاری ئێمە دوو مەفرەزەی داعش ھەن لە سنووری ئێمە، گومان دەکرێت زیاتر بڵاوە بە چەکدارەکانیان بکەن بۆ ئەوەی لە رەوشی ئێستای عێراق پیشانی خەڵکی بدەن ئەوان ماون.
قائید میرۆ




