٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بێگەرد تاڵەبانی داوایه‌ك لە هەموو لایەنە حکوومییەکان و هاووڵاتیان ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە نێوان 250 هەزار بۆ 500 هەزار نەمام دەبەخشنە جووتیاران بۆ پەرژینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان، داواشیکرد کاتێک قوتابی دەخرێتە قوتابخانە، لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیدا نەمامێک بچێنێت. 

لە ئیڤێنتێکدا بە ناوی "هەڵمەتی نیشتمانی بۆ دار و درەخت چاندن کە لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو، تێیدا بێگەرد تاڵەبانی، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لە هەرێمی کوردستان، باسی لە گۆڕانکارییە ژینگەییەکان کرد و گوتی: "پێویستییەکی هەنووکەییە لەمکاتەدا هەڵمەتێکی نیشتمانی بۆ سەوزکردن و چاندنی نەمام و درەخت رابگەیێنین".

وەزیری کشتوکاڵ داوایکرد نەمام چاندن بکرێتە کولتوور و گوتی، ئەوەش تەنیا بە ئەرکی حکوومەت نازانن و بۆ کەمکردنەوەی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواو پاراستنی ژینگەی هەرێمی کوردستان، "دەبێت هەموومان پێکەوە کار بکەین."

وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پێشنیازیکرد کە لەکاتێکدا منداڵان دەخرێنە قوتابخانە، نەمامێک لە گۆڕەپانی قوتابخانەکەیاندا بچێنن و گوتیشی: "با لە بۆنە کۆمەڵایەتیی و نیشتمانییەکاندا نەمام چاندن بکەینە کولتوور، جووتیارەکانمان لە جیاتی پەرژین بە بلۆک و چیمەنتۆ و کەڵەکە بەرد، بە درەخت پەرژین بکەن".

بە گوتەی بێگەرد تاڵەبانی، وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ساڵانە سەتان هەزار نەمامی نەمامگەکانی بەسەر جووتیاران، قوتابخانەکان و هاووڵاتییان و شوێنە گشتییەکاندا دابەش کردووە و بەردەوام هاوئاهەنگی هەبووە لەگەڵ فەرمانگە و وەزارەتەکان بۆ پێدانی نەمام.

لە بەردەوامیی گوتارەکەیدا، وەزیری کشتوکاڵ ئاماژەی بەوەکرد کە هەندێکجار ئەو نەمامانەی چێندراون، دواتر بەهۆی پشگوێخستنیانەوە وشکبوون یان سووتێندراون، بەڵام ئەمجارە دەیانەوێت لەگەڵ راگەیاندنی ئەم هەڵمەتە نیشتمانییەدا هەموو پێکەوە بەرپرسیاریێتیی چاندن و پاراستن لە ئەستۆ بگرن.

لەگەڵ راگەیاندنی هەڵمەتەکەدا، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان گوتی، لە هەڵمەتەکەدا 250 هەزار بۆ 500 هەزار نەمام دەبەخشنە جووتیارەکان بۆ پەرژینی زەوییە کشتوکاڵییەکانیان و داوای هاوکاری و هاوئاهەنگیشی لە هەموو لایەنە حکوومییەکان و هاووڵاتیان کرد.

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار