شێخ جەعفەر: مەترسیەکی گەورە لەسەر کوردی خانەقین بەگشتی ھەیە

خانەقین-KDP.info- بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین گوتی، لە سنووری خانەقین بەدوو جۆر تەعدا لە کورد دەکرێت و ھەوڵی دەرکردنیان دەدرێت و ھێزە عێراقیەکان فشاریان لێ دەکەن و بەشەویش بەناوی داعش ھەڕەشەیان لێ دەکرێت، ئێستاش کەمئاوی ڕووی تێکردوون، بۆیە خەڵک گوندەکان جێدێڵێت و مەترسی چۆڵ بوون لەسەر ١٥ گوندی ناحیەی قەرەتەپە و جەبارە ھەیە، چونکە کەمئاوی کاریگەری زۆری لەسەریان دروست کردووە.
بەرپرسی لقی ١٥ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە خانەقین، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "قەرەتەپە و جەبارە و تا دەچێتە حەوزی حەمرین بەگشتی بەشێکی زۆری جووتیاران چۆڵیان کردووە نەک ھەر ئەوە بگرە تا کەلاریش ھاتووە و شێخ باوەش چۆڵ کراوە، ئەوەش لەبەر دوو ھۆکارە، یەکەم فشارێکی زۆریان لەسەرە لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبی بەناوی بەرگریکردن لە جووتیارانی عەرەب و کوردیش بێ دەسەڵاتە ئەمە بەڕۆژە و بەشەویش بەناوی داعش ھەڕەشەیان لێ دەکرێت و تەقەیان لێ دەکرێت و بۆمبیان بۆ دادەنرێتەوە و خەڵک دەکوژن و ھاوکات کەمبوونەوەی ئاویش بۆتە ھۆکارێکی دیکە ".
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتیشی: "لە سنووری قەرەتەپە و جەبارە تا دەگاتە جەلەولا ١٥ گوند مەترسی چۆڵکردنیان لەسەر ھەیە بەھۆی ئەوەی ئێستا تووشی کەمئاویەکی زۆر بوونە، بۆیە خەڵک ماڵی خۆی جێھێشتووە و تەنھا بۆ کارکردن دەگەڕێنەوە و تا ئێستاش ھیچ چارەسەریان بۆ نەکراوە و تەنھا بەتەنکەر ئاویان بۆ دەبردرێت لە گەرمیان ئەوەش چارەسەر نیە، چونکە کێشەی کشتووکاڵ و ئاژەڵداری ئەوان چارەسەر ناکات، بۆیە دۆخی ناوچەکە زۆر خراپە و مەترسیەکی گەورە لەسەر کوردی خانەقین بەگشتی ھەیە".
بڵند ئیبراھیم




