شاخەوان عەبدوڵڵا بۆ KDP: ئەم ھەفتەیە پارەی جووتیارانی ھەرێم دەگات

بەغدا-KDP.info- جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی، بڕیارە ئەم ھەفتەیە پارەی قەرزی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان بۆ سێ ساڵ بگاتە ھەرێم کە ٣٠٩ ملیار دینارە.
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای ھەوڵێکی زۆر لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و وەزارەتی دارایی حکوومەتی عێراق لەبارەی ناردنی پارەی جووتیاران بۆ ساڵانی ٢٠١٤ و ٢٠١٥ و ٢٠١٦، ھەروەھا دواجار لەگەڵ وەزیری بارزگانی رێککەوتین، کە ئەم ھەفتەیە پارەکە رەوانە بکرێت".
شاخەوان عەبدوڵڵا گوتیشی: "خۆی ھەوڵی ئەوە دەدرا کە ئەمساڵ ھەموو پارەکە ڕەوانە نەکرێت و تەنھا ١٠٠ ملیار دیناری پارەی جووتیاران ڕەوانە بکرێت، بەلام ئێمە بەوە ڕازی نەبووین و بڕیارە پارەکە ھەمووی ڕەوانە بکرێت کە ٣٠٩ ملیار دینارە و ئەم ھەفتەیە دەگاتە ھەرێمی کوردستان و بەسەر جوتیاران دابەش دەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




