٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"کورد و سونە نابێت بھێڵن ململانێی شیعەکان کاریگەری لەسەریان دروست بکات"

سەرچاوە: KDP.info

هەولێرـKDP.infoـ ململانێی نێو ماڵی شیعە بەردەوامە و بەو زووانەش کۆتایی نایەت، پڕۆفیسۆرێکی زانستە سیاسییەکان دەڵێ، کاریگەری تویتەکانی سەدر تا ئەو ڕادەیەیە وا لە شەقام بکات پەرلەمان پەکبخات و لەکاری بکات، گەر سەیر بکەین تویتەکانی لە ڕووی سیاسییەوەیە و گوێی بە یاسایی نەداوە.

ئەمڕۆ١٠ـی٨ـی ٢٠٢٢موقتەدا سەدر، ڕایگەیاند هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران پێویستی بە ئەنجامدانی دانیشتن نییە، پەیوەست بەمەو چەند پرسێکیتر، پرۆفیسۆر ساڵح مەلا عومەر، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کێشەیەک لەنێو پڕۆسەی سیاسیی عێڕاق دا هەیە، لە نێوان چوارچێوەی هەماهەنگی و سەدرییەکان بە شێوەیەکی گشتی بەڵام  بەشێوەیەکی تایبەت دەتوانم  بڵێم لەنێوان نوری مالیکی و سەدرە، لێرەدا ئەوەی دەیبینین شتەکان زیاتر حاڵەتێکی کەسی بەخۆیەوە دەبینێت کە سەدر داوادەکات پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە، لەهەمانکاتدا هەڵبژاردنێکی پێشوەختە بکرێت لە ڕوانگەی یاساییەوە بەم شێوەیە نابێت سەدر هەروا بڕیارێک بدات، کە بەڵێ پەرلەمان هەڵبوەشێتەوە و هەڵبژاردنی پێشوەختە ئەنجامبدرێت، ئەمانە لە ڕوانگە یاساییەکەیەوە دروست نین، چونکە میکانیزم هەیە کە چۆن بڕیار لەسەر هەڵبژاردنی پێشوەختە بدرێت، چۆن پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە هەمووی یاسا ئەمانەی دیارکردوون، بۆیە لە ڕوانگەی یاسایی سەیربکەین بەدڵنیایی ئەم جۆرە لێدوانانە لە حاڵەتێکی یاساییەوەنییە بەڵکو سیاسییە، سەدر کاریگەرییەکی زۆری لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێڕاق هەیە بەشێوەیەکی دیفاکتۆ لە ڕێگای شەقام پەرلەمانی کۆنتڕۆڵ کردووە، بەیەک تویتی سەدر، لایەنگرانی دەچن زۆر بە ئاسانی پەرلەمان داگیردەکەن بەشێوەیەکی دیفاکتۆ دەبینی کە پەرلەمان ئیتر لەکار کەوتووە، ئەمە دەچێتە چوارچێوەی سیاسی و حاڵەتی واقعی کە ئێستا لەسەر ئەرزی عێڕاق جێبەجێ دەکرێت.

بۆیە بەقانەعەتی ئێمە ئەم پەرلەمانە ناتوانێت لەکارەکانی خۆی بەردەوامبێت دەبێت هەڵبژاردنێکی پێشوەختە ئەنجامبدێت بەڵام لێرەدا ناکۆکی هەیە ئایا حکوومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت یان چۆن دەبێت."

بۆ خەمخۆری و کێ سەرۆکایەتی ئەم هەڵبژاردنە پێشوەختەیە دەکات ئەگەر بکرێت، پڕۆفیسۆر ساڵح مەلاعومەر، دەڵێت: " بەبڕوای من بۆ ئەمجارە ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بە شێوەیەکی چاڵاکتر دێنە نێو پڕۆسەکە کە یارمەتی خەڵکانی  عێڕاق بدات وەک لایەنێکی بێ لایەن لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێڕاق، ئەگەر نا بەو واقعەی کە ئێستا لەنێوان دووباڵی شیعە درووستبووە، کێشەکانی عێڕاق زۆر قوڵبونەتەوە یان یاسا بگۆڕدرێ و بە چ شێوەیەک بگۆڕدرێ کێ بیگۆرێ ئایا ئەم پەرلەمانە دەتوانێت یا ناتوانێ سەدر  ڕازییە یان ڕازی نییە ئەمە ململانێیەکی یەکجار زۆری دەوێت."

ئەم پڕۆفیسۆرە، زیاتر گووتی:" ئەم ململانێیەی ئێستا لە نێوان شیعەو شیعە هەیە بۆ ئەوەی کە کێ ببێتە سەرۆکوەزیران پۆستەکانی وەزاری بە چ شێوەیەک  دابەشبکرێت، کاریگەری لەسەر کورد و سونەش دروستکردووە، ئەم کاریگەرییە بەشێوەیەک نییە هیچ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستان نەکات بە دڵنیایی قەیرانەکانی لە نێو بەغدا دروستدەبێت بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر هەرێمی کوردستانیش دروستدەکات بەڵام کورد لەگەڵ سوننە ئێستا ئەوەندە توانا بەهیزەیان نییە کە بتوانن بڕیاری یەکلاکەرەوە لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێڕاق بدات بە حوکمی دانیشتوان و پێکهاتەی عێڕاق کە زۆرینەی شیعەیە بڕیاری یەکلاکەرەوە لەدەستی شیعەکاندایە، کورد و سونە دەتوانن بە لێکتێگەیشت لە نێوان یەکتر سیاسەتێک دروستبکەن کە ئەوکێشانەی لە عێڕاق دروستبووە ڕەنگدانەوەی لە سەر هەرێمی کوردستان نەبێت یان ڕەنگدانەوەی لەسەر لایەنەکانی سووننە نەبێت، ئەم سیاسەتە بەکار نەهێنن دەتوانرێ لە بەغداوە بەشێوەیەکی جۆراوجۆر فشاری زۆر لەسەر هەرێمی کوردستان دروست بکەن."

فایزە کۆیی

 

هەواڵی پەیوەندیدار