لە وەرزی نوێی پەرلەماندا ژمارەیەک پڕۆژەیاسا پەسەند دەکرێن

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە کۆتایی ئەم مانگە پشووی پەرلەمانی کوردستان کۆتایی بێت و پەرلەمانتارێکیش دەڵێ، چەندین پڕۆژەیاسای گرنگ خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە و بڕیارە لە وەرزی نوێدا خوێندنەوەی دووەمیان بۆ بکرێت و پەسەند بکرێن.
گەلاوێژ عوبێد، پەرلەمانتاری فڕاکسیۆنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "بڕیارە لە سەرەتای مانگی ئەیلوولی داھاتوو وەرزی نوێی یاسادانان بەڕێوەبچێت و تێدا لە ماوەی مانگێکدا ھەموو ئەو پڕۆژە یاسایانەی ئامادەکراون لەلایەن فڕاکسیۆنەکان و لیژنە پەیوەندارەکانی پەرلەمانی کوردستان ئاراستەی سەرۆکایەتی دەستەی پەرلەمان دەکرێت بۆ ئەوەی کاریان لەسەر بکرێت و بخرێنە نێو کارنامەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان".
پەرلەمانتارەکەی پارتی دەشڵێت: "ژمارەیەک پڕۆژەیاسای گرنگ ھەیە وەک، پڕۆژەیاسای پەروەردە و پڕۆژەیاسای ھێزی کار و ژمارەیەک پڕۆژەن کە خوێندنەوەی یەکەمیان بۆ کراوە و لەگەڵ دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان خوێندنەوەی دووەمیان بۆدەکرێت".
گەلاوێژ عوبێد ڕوونیکردەوە: "بڕیارە بەر لە دەستپێکردنەوەی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان فڕاکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە و ئامادەکاری بۆ وەرزی نوێی یاسادانانی پەرلەمان دەکات و ئەو پڕۆژانەی ھەیە بداتە سەرۆکایەتی پەرلەمان".
قائید میرۆ




