٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بۆ دامەزراندنی دوو لیوا بۆ ھێزی پاسەوانی سنوور چاوەرێی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، تا ئێستا ناونووسین بۆ پاسەوانی سنووری دەستی پێنەکردووە و جارێ ماوە، چونکە پێویستە پەرلەمان بڕیاری لێ بدات و وەزارەتی ناوخۆ جێبەجێی بکات و چاوەرێ دەکرێت پەرلەمان کۆبێتەوە و بڕیاربدات، کە دوو لیوا بۆ ھێزی پاسەوانی سنووری زیاد بکرێت.

سەگڤان سندی، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "دوای رووداوەکەی زاخۆ چەندین کۆبوونەوە ئەنجامدران کە سنوور پێویستی بە ھێزی زیاتری پاسەوان ھەیە، بۆیە ئێمە کە سەردانی ناوچەکەمان کرد لە ڕاپۆرتی خۆمان داوامان کردووە و لەسەر ئەنجامدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان وەستاوین کە کۆبێتەوە بڕیاری لێ بدرێت و دواتر بچێتە وەزارەتی ناوخۆ بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە".

سەگڤان سندی گوتیشی: "سنووری دھۆک پێویستی بە دوو لیوا ھەیە لە خەڵکی ناوچەکە بۆ ئەوەی بتواندرێت کۆنترۆڵ بکرێت، بەڵام ئەوەی بڵاوکراوەتەوە کە ناونووسین دەستی پێکردووە ڕاست نیە و ھێشتا ماوە رێکارەکانی تەواو بن، چونکە بۆشاییەکی گەورە ھەیە، بۆیە گەر بمانەوێت سنوور کۆنترۆل بکەین بە لایەنی کەمەوە دوو لیوامان پێویستە، چونکە سنوورێکی درێژ و فراوانمان ھەیە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار