٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە ئەمساڵ زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی ھەرێم بچنە نەجەف و کەربەلا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران گوتی، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی داوە بۆ ئەمساڵی چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن زیارەتکارانی ئێرانی لە رێگەی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بە ھەرێمی کوردستان بچن زیارەتی خۆیان بکەن و دواتریش بە ھەرێمی کوردستان بگەرێنەوە بۆ ئێران، بۆ ئەو مەبەستەش حکوومەتی ھەرێم لیژنەیەکی باڵای بۆ سەرپەرشتی ئەو کارە پێکھێناوە و ھەموو ئاسانکاریەکیشیان بۆ دەکات.

عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و ئێران، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رەزامەندی نیشانداوە گەشتیارانی ئێرانی کە بۆ چلەی ماتەمینی ئیمام حوسێن دەچنە نەجەف و کەربەلا لە رێگای خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران دەتوانن گەشت بکەن و بێن بۆ قەزای سۆران و لەوێش بۆ ھەولێر دواتر بچن بۆ عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک پێکھاتووە و ھەموو ئاسانکاری بۆ زیارەتکەرانی ئێرانی بکات".

عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتیشی: "زیارەتکارانی چوار پارێزگا دێن، ئەوانیش قەزوین، زەنجان، تەبرێز و ئورمیە کە چوار پارێزگای گەورەن، بۆ ئەوان ئاسانە بە خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران بچن بۆ نەجەف و کەربەلا، بۆیە لە ھەفتەی داھاتوو دەتوانن بێن گەشت بکەن، کە ساڵانە ملیۆنان کەس دەچنە نەجەف و کەربەلا، بەڵام بەھۆی ئەوەی ئامادەکاری باشیان بۆ کراوە پێشبینی ھاتنی ژمارەیەکی زۆری زیارەتکار دەکەین کە ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمەش دایە دێنە ھەرێمی کوردستان و لە ھەرێمیش دەمینێنەوە، ئەوەش لە قازانجی ھەرێمی کوردستان دایە".

ئاکرەیی ڕوونیشیکردەوە: "لیژنەکە لە بەرپرسانی خاڵی سنووری حاجی ئۆمەران و بە ھەماھەنگی لەگەڵ فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکدێت، بۆیە حکوومەتی ھەرێم رەزامەندی داوە و ئێمە تەواوی ئامادەکاریمان کردووە و ھەر کاتێک بێت پێشوازیان لێ دەکەین".

ناوبراو وتیشی: "ئەوان بڕیارە بە ئۆتۆمبێلی خۆیان و بە پاس بێن بۆ حاجی ئۆمەران لەوێش بۆ سۆران و دواتریش بۆ ھەولێر و لە ھەولێر دەچن بۆ کەرکووک، ئینجا بۆ نەجەف و کەربەلا بەرێدەکەون، چونکە بۆ ئەوان زۆر نزیکترە لە رێگەی ھەرێمی کوردستان سەفەری خۆیان بکەن، کە ماوەی ھەفتەیەک تا زیارەتەکەیان تەواو دەبێت دەمێننەوە و دواتریش ڕەنگە لە کاتی گەڕانەوە لە ھەرێمی کوردستانیش بمێننەوە".

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار