٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

" راگرتنی شەڕی نێوان عێراق و ئێران، نەبووە ھۆی راگرتنی شۆڕشی کورد"

سەرچاوە: KDP.info

دوای ھەشت ساڵ لە جەنگێکی ماڵوێرانکەر بۆ ھەردوو وڵات لە رۆژی ٨ی ئابی ١٩٨٨ ھەردوو وڵاتی عێراق و ئێران بڕیاری راگرتنی شەڕیان دەرکرد، پسپۆرێکی مێژووی عێراقیش پێی وایە راگرتن شەڕ نەبوە ھۆی راگرتنی شۆڕەشی کوردی و عێراق بەو شەڕە باجی ئیمزاکردنی رێکەوتنامەی جەزائیری دا.

د. شێرزاد زەکەریا، پسپۆر لە مێژووی عێراق بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند"  شەڕی نێوان عێراق و ئێران ململانێیەکی مێژوویە لە نێوان و عەرەب و فارس، بەڵام شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان ھەردوو وڵات لە ئەنجامی رێکەوتنی خیانەتکارانەی جەزائیر بوو دژی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، ھەردوو دەوڵەت ئەوکات ساڵی ١٩٧٥ یەکیان گرت بۆ لەنێو بردنی شۆڕەشی کوردی و عێراق پێی وابوو ئەگەر نیوەی دەریای عەرەبی بیدات بە ئێران کورد تەواو لەناو دەچێت، بەڵام بە پێچەوانەوە کێشەکە زۆر گەورەتر بوو، ئەمەی سەدام حوسێن کردی لە رێکەوتنی جەزائیر نەک تەنیا دژی کوردبوو بەپێچەوانەوە دژی ھاوڵاتیانی ھەموو عێراق بوو.

ئەو پسپۆرەی مێژووی عێراق گوتی" دۆزی کورد بە رێککەوتنی نێوان وڵاتان کۆتایی نایەت، ھەتا ساڵی ١٩٦٦ عەبدولڕەحمان بەزاز سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی عێراق گوتی، ئەگەر ٢٥ پێشمەرگەش بمینێ لە چیاکان عێراق سەقامگیری بەخۆیەوە نابینێ، بەپێچەوانەوە سەدام رێکەوتنی ئیمزاکرد و  باجی ئەو ھەلە مێژوویەی سەدامیش تەنیا ماڵوێرانی لێکەوتەوە بۆ عێراقییەکان، چونکە بەھۆی شەڕی ھەشت ساڵەی نێوان عێراق و ئێران ملیۆنان خەڵک بوونە قوربانی و ئاوارە و دەربەدەر بوون و زیانی ئێکجار گەورەی ئابووریش بەر عێراق کەوت.

د. شێرزاد زەکەریا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد" دوای ھەشت ساڵ عێراق بە دۆڕاوی لە شەڕەکە دەرچوو، لەبەر ئەوەی دوای راگرتنی شەڕ لە ئابی ١٩٨٨ حکوومەتی عێراق دەستی بە پرۆسەی ئەنفال و کیمیابارانی کوردستان و خاپوورکردنی گوندەکان کرد، ئەوکات لە گوتارێکدا سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، لە ئایندەیەکی نزیکدا گۆڕانکاری روودەدات لە عێراق، خوێندنەوەی سەرۆک بارزانی بۆ رەوشی عێراق، ئەوەندەی نەبرد سەدام ھێرشی کردە سەر وڵاتی کوێت و عێراقی زیاتر بەرەو کارەساتی گەورەتر برد.
قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار