ئەمساڵ حەوت ھەزار و ٤٠٠ تۆن بنەتۆ دابەش دەکرێت
_(1)__2022_08_09_h14m4s24__ER.jpg)
ھەولێر-KDP.info- بڕیارە ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بنەتۆ بەسەر جوتیاران دابەش بکات و راوێژکارێکی وەزارەتیش دەڵێ، بنەتۆی بەرھەمھاتوو بە پێوەری جیھانیە و لەگەڵ کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان دەگونجێت.
نەبەز رەفعەت، راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمساڵ وەزارەتی کشتوکاڵ حەوت ھەزار و ٤٠٠ تۆن بنەتۆی بەرھەم ھێناوە و بڕیارە لە مانگی ١١ی ئەمساڵ بەسەر جوتیارانی ھەرێمی کوردستان دابەش بکرێت و لە مانگی ئەیلوولی داھاتووش نرخی بنەتۆ بۆ جووتیاران دیاری دەکرێت، ھەروەھا ئەمساڵ جیاوازی خەرجی بەرھەم ھێنانی بنەتۆ ھەبووە، چونکە ساڵانە بۆ بەرھەم ھێنانی حەوت ھەزار و ٤٠٠ تۆن بنەتۆمان پێویستە کە بە ٤ تا ٥ ملیار دینار بووە، بەڵام ئەمساڵ تەنیا یەک ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار خەرجی وەبەرھێنان بووە ئەوەش بەھۆی پێشکەوتنی بەڕێوەبەرایەتی توێژینەوە بووە".
راوێژکاری وەزارەتی کشتوکاڵ گوتیشی: "بەشی بنەتۆی سەر بە وەزارەتی بنەتۆ بەرھەم دێنێت و لەڕووی کوالێتیەوە بنەتۆی حکوومەت دابەشی دەکات بە پێوەری جیھانی بەرھەم ھاتووە و لە ھەموو پشکنینەکانیش دەرچووە".
نەبەز رەفعەت ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: "بنەتۆی وەزارەتی کشتوکاڵ دابەش دەکات بەسەر جووتیاران زۆر گونجاوە لەگەڵ کەش و ھەوای ھەرێمی کوردستان بە ئاوی باران بەرھەم دێت، ئەمەش ھاوکاریەکی باشە بۆ جووتیارانمان، ھەرچەندە ھەوڵەکان ئەوەیە زیاتر ھاوکاری و پشتگیری جوتیاران بکرێت بۆ بەرەو پێشبردنی کەرتی کشتوکاڵ".
قائید میرۆ




