٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەیوان عەلی" ھەموو ئامادەکاریەک بۆ ساڵی نوێی خوێندن کراوە"

سەرچاوە: KDP.info

بریکاری وەزارەتی پەرورەدە ئاشکرایکرد، ھەموو ئامادەکاریەک بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن کراوە و دەشڵێ، ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی ئەمساڵی پۆلی ١٢ی ئامادەیی دەریخست قوتابخانەکانی حکوومەت توانای باشیان ھەیە بۆ پێگەیاندنی قوتابی.

سەیوان عەلی، بریکاری وەزارەتی پەروەردە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند" بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی ئەیلوولی داھاتوو ساڵی نوێی خوێندن بەڕێوەبچێت و وەزارەتی پەروەردەش ھەموو ئامادەکاریەکی کردوە بۆ دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندن لە رێکخستنەوەی میلاکات و چاپ کردنی پەرتووک و ئامادەکردنی قوتابخانەکان بۆ پێشوازی لە ساڵی نوێی خوێندن ھەندێ رێکاری دیکە ماون تا ئەوکاتەی دەرگای قوتابخانەکان دەکرێتەوە ئەوانیش کۆتایی دێن.

بریکاری وەزارەتی پەروەردە گوتیشی" جێی خۆشحاڵیە زۆربەی ھەرە زۆری یەکەمەکانی دەرچووی ١٢ی ئامادەیی لە قوتابخانەکانی حکوومەت بوون، ئەوەیش نیشانەی ئەوەیە قوتابخانەکانی سەر بەحکوومەتن ھێشتا توانای زۆریان ھەیە بۆ پێگەیاندنی قوتابیان و پلانی وەزارەتی پەروەردەشە ھەموو توانایەک بخاتە گەڕ بۆ گرینگیدانی زیاتری قوتابخانەکانی حکوومەت.

لەبارەی بڕیارێکی وەزارەتەوە بۆ دەرچوانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی سەیوان عەلی روونی کردەوە" بەشێک لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت دەیانەوێ ئەو قوتابیانەی نمرەی بەرزیان ھەیە لە پۆلەکانی ١٠ و ١١ی ئامادەیی بۆخۆیان راکێشن و بچن لە ئەھلیەکان پۆلی ١٢ تەواو بکەن بۆ ئەوەی لەکاتی بەدەست ھێنانی نمرەی بەرز سوود لە نێو بانگی وەربگرن، بەڵام وەزارەتی بڕیاردراوە ھەر قوتابیەکی نمرەی بەرز دەھێنێ زیاتری ساڵەکانی لەکام قوتابخانە بوە لەسەر ئەوە ھەژمار بکرێت، ئێمە رێز لە قوتابخانەکانی کەرتی تایبەت دەگرین، بەڵام ناشکرێت قوتابیەک لەقوتابخانەکانی سەر بە حکوومەت ئامادە بکرێت و دواتر ئەوان بۆ ناوبانگ سوودی لێوەر بگرن.
قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار