٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: ئه‌و هێزانه‌ی زیادەڕەوییەکان تێکدەدەن زیاتر دەکەین

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- لە هەولێر بەردی بناغەی دوو پرد بە بودجەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار دانرا، پارێزگاری هەولێریش رایگەیاند، دروستکردنی ئەو پردانە کاریگەری دەبێت لەسەر کەمکردنەوەی لافاو، هەروەها ئاسانکاریش دەبێت بۆ هاتوچۆی هاووڵاتیان، ده‌شڵێت، "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و قایمقامیەتەکان و لایه‌نە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنەکانی روبەڕوبونەوەی زیادەڕەوی توندترکراون".

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر ئەمڕۆ لە هەولێر بەردی بناغەی دوو پردی داناو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوو پردی نوێ لە هەولێر دروستدەکرێت، کە یەکێکیان لە نزیک شاری زیلان لە کۆڕنیش ئەوی دیکەشیان لە گەڕەکی ڕۆشنبیری و کردنەوەی (ڕێڕەوی ئاوی باغەمرەی شەهاب و ئاوی شیوە سوور).

ئاماژەی بەوەشکرد، جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر و بە گوژمەی ملیارێک و 300 ملیۆن دینار و لە لایەن سەرۆکایەتی شارەوانی هەولیر و بەڕێوبەرایەتی ئاودێری هەولێر ئەنجام دەدرێت ماوەی ئەنجامدانی پڕۆژەکانیش 120 ڕۆژە.

پارێزگاری هەولێر باسی لەوەشکرد، ماوەی دوومانگە کار لە پڕۆژەکەدا ده‌کرێت و لە ماوەی دوو مانگی داهاتوشدا پڕۆژەکە کۆتایی دێت، کە کاریگەریەکی زۆری دەبێت لە کەمکردنەوەی لافاو هەروەها ئاسانکارییەکی زۆر بۆ هاتووچۆی هاووڵاتیان دەکات.

ئومێد خۆشناو گوتیشی، "بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبونەوەی لافاو لە هاوینەوە هەندێک ڕێکارمان گرتوەتەبەر بۆ ئەوەی ئەو کارەساتانەی زستانی ڕابردوو ڕویدا دووبارە نەبێتەوە، لە چەند ڕۆژی داهاتوش چەند پڕۆژەیەکی دیکە لە سنووری پارێزگای هەولێر ئەنجامدەدرێت لە بنەسڵاوە، پیرمام و نزیک ئەو شوێنانەی کە لە ساڵی ڕابردودا لافاو تیایاندا ڕویدا، ئامانجی ئەو پڕۆژانەش ڕێگرییە لە ڕودانی لافاو".

سەبارەت بە کارەکانی چاککردنەوەی بەشێکی شەقامی 60 مەتری هەولێر ئومێد خۆشناو گوتی، "لەو بەشەی شەقامەکە بە بەرده‌وامی لە زستاندا ئاو کۆدەبوەوە لە ئێستادا کار بۆ دروستکردنی ئاوەڕۆی سندوقی لەو شوێنە دەکرێت بەتەواوبونیشی کێشەی کۆبونەوەی ئاو و دروستبونی لافاو لەو ناوچەیە چارەسەر دەبێت". 

پەیوەست بە کێشەی دروستکردنی خانوی زیادەڕۆ، رونیكرده‌وه‌، "لەهەمو سەردەم و کاتێکدا کەسانێک هەن زیادەڕەوی دەکەن، کە بەشێک لەو زیادەڕەویانە هۆکاربوون بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی ڕێڕەوە سروشتییەکان و دروستبونی لافاو، بۆیە بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێم و لەگەڵ وەزیری ناوخۆ و سەرۆکایەتی شارەوانی هەولێر و قایمقامیەتەکان و لایەنە پەیوەندیدارەکان ڕێوشوێنەکانی ڕوبەڕوبونەوەی زیادەڕەوی توندترکراون، ئەو هێزەشی  لەگەڵ کارمەندانی شارەوانی دەچن زیادەڕەوییەکان تێکدەدەن زیاتر دەکەین".

 

ڕامان وریا

هەواڵی پەیوەندیدار