پارتی ھەوڵی زۆری داوە بۆ یەکڕیزی

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی پارتی و یەکێتی بەردەوام دەبن و خاڵی ھاوبەش گەلێک زۆرە و دەمانەوێت بەیەک بەرنامە بچین بۆ بەغدا، بۆ ئەوەی ئاڵۆزیەکانی عێراق کاریگەری لەسەر ھەرێمی کوردستان نەبێت.
بڵند ئیسماعیل، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ھەمیشە یەکڕیزی لای ئێمە گرنگە و بەیەک حیزب ھەموو شتێک ناکرێت بەرامبەر بەغدا و بەتایبەت ئەم دۆخەی ئێستا تێیدایە کە تاکە رێگا لەبەردەم کورد ئەوەیە یەکڕیز بین بەتایبەت پارتی و یەکێتی، پارتی لەدوای ھەڵبژاردن ھەوڵی زۆری داوە بۆ یەکڕیزی، بەڵام بەداخەوە ھەندێک کێشە ھاتنە پێش وەکو پرسی سەرۆککۆمار، بەڵام پرسی گەورەتر ھەن و ناکرێت ھەموو شتەکانی لەسەر بوەستێنین، بۆیە لەداھاتوو کۆبوونەوەی دیکەش دەکرێت و ھەوڵدەدرێت بە یەک بەرنامە و تێروانین و بۆچوون بروانینە دۆخی بەغدا بۆ ئەوەی ھەڵوێستەکانمان یەک بێت".
بڵند ئیسماعیل گوتیشی: "خۆی لەناو حیزبێکیش بۆچوونی جیاواز ھەیە جا لەنێوان دوو حیزب، بەڵام ھەندێک شتی جێگیر ھەیە پێویستە یەک بێت وەکو پاراستنی قەوارەی ھەرێم و پرسی چاکسازی کابینەی نۆیەم و پاراستنی ئەمن و ئاسایش و تێکەڵکردنەوەی پێشمەرگە و ژیانی ھاووڵاتیان، بۆیە پێویستە ھەمووان لەسەری کۆکبین، چونکە ناکرێت و بەرژەوەندی خەڵکیش لەوەدانیە یەکڕیز و یەک ھەڵوێست نەبین، ھاوکات سروشتیە لەسەر پۆستێک بۆچوونی جیاواز ھەبێت و رەنگە لای پارتی ئەوە ھەر گرنک نەبێت ئەگەر کێشەی ھەبێت، بەڵام خاڵی ھاوبەش زیاترن بۆیە کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن".
بڵند ئیبراھیم




