٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

تا ئێستا زیاتر لە سێ ھەزار و ٥٠٠ کوردی ئێزدی رزگارکراون

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ھەشت ساڵ بەسەر کارەساتی شنگال تێدەپەڕێت و بەرپرسی نووسینگەی رفێندراوانیش دەڵێ، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لە رزگارکردنی رفێندراوانی کوردانی ئێزدی و تا یەک کەسیش  مابێت ھەوڵەکانمان بۆ رزگارکردنیان بەردەوام دەبێت. 

حوسێن قائیدی، بەڕێوەبەری نووسینگەی رفێندراوان بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە کاتی ھێرشی داعشەوە بۆ سەر شنگال و ناوچەکانی دیکە شەش ھەزار و ٤١٧ ھاووڵاتیی سڤیلی کوردی ئێزدی کەوتوونەتە دەست تیرۆریستانی داعشەوە و رفێندراون، دوای دامەزراندنی نووسینگەی رفێندراون تا ئێستا توانیومانە لەو ژمارەیە سێ ھەزار و ٥٥٤ کەسیان رزگار بکەین و ئەوانی دیکەش ھێشتا ماون و رزگار نەکراون، ئەمەش یەکێکە لە کارەساتە گەورەکانی بەسەر گەلی کوردا ھاتووە لە مێژوودا".

لە رۆژی ٣ی ئابی ساڵی ٢٠١٤ چەکدارانی سەر بە گرووپی تیرۆرستی داعش ھێرشیان کردە سەر شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری لە ئەنجامی ھێرشەکەدا ھەزاران ھاووڵاتی سڤیلی کوردی ئێزدی کەوتنە دەست داعش و دەیان ھەزاری دیکەش ئاوارەی ھەرێمی کوردستان بوون، حوسێن قائیدی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ''نووسینگەی رفێندراوی ئێزدی لەسەر ئەرکەکەی بەردەوام دەبێت، تا یەک کەس مابێت، بۆ ئەوەی رزگار بکرێت".

بەڕێوەبەری نووسینگەی رفێندراوانی کوردی ئێزدی دەڵێ: "بەپێی بەداواچوونی ئێمە ئەو رفێندراوانەی ماون و رزگار نەکراون بەشێکیان لە مووسڵ و دەوروبەرینە، بەشێکی دیکەش لە رۆژئاوای کوردستان و نێو کەمپی ھۆڵ ماون، بێگومان ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێم ھەر بەردەوام دەبێت بۆ رزگارکردنیان".

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار