٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆک بارزانی نەگەڕایەوە تاوەکو شنگالی ڕزگارکرد

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ ٨ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژی کوردانی ئێزدی دا تێپەردەبێ، ھێشتا شنگال بە تەواوەتی وێرانە و خەڵک نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان و شنگالییەکان داوا دەکەن شارەکەیان چۆڵ بکرێت لە ھێزە نایاساییەکان و دەبێت رێککەوتنی شنگال لە نێوان حکوومەتی عێراق و ھەرێمی کوردستان دا جێبەجێ بکرێت.

رۆژی ٣ـی٨ـی ساڵی ٢٠١٤ـدا دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام ناسراو بە داعش ھێرشی شنگالی کرد، کۆمەڵکوژی دژی ئێزدییانی ئەنجامدا، دواتر بە سەرپەرشتی سەرۆک بارزانی بە دوو قۆناغ شنگال و باکوور و سەنتەری شنگال ڕزگارکرا.

ئەندامێکی فەرماندەی زێرەڤانی، عەمید سمێ بۆسەڵی، یەکێک بوو لەو فەرماندانەی پشکداری ڕزگاركردنەوەی شنگالیان کرد، دەڵێ، ڕزگارکردنی شنگال بە دوو قۆناغ بوو،  قۆناغی یەکەم: لە ١٢ی٧ی ساڵی ٢٠١٥ لە زمار و قەسەریج و تا بگاتە سنوون و مەزارگەی شەرفەدین، قۆناغی دووەم لە ١٣ی١١ی ساڵی ٢٠١٦ بۆ ئازادکردنی شاری شنگال ئەمەش سەرۆک بارزانی بەڵێنی بە ئێزدییان دابوو شاری شنگال ڕزگار بکات و ھەموو داعشەکان بکەونە ژێر پێی ئێزدییەکان.

ئەو بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتیشی: ''لە دوایی داگیرکردنی شنگال سەرۆک بارزانی زۆر پێی ناخۆش بوو چونکە زۆربەی کچ و ژنانی ئێزدی کەوتبوونە دەست داعش و دڵگرانییەکی گەورە بە سەر سەرۆک بارزانی دا گرتبوو، چونکە داعشەکان ھەرچی خراپکارییە دژی ئێزدییەکان ئەنجامیدا، ئەمەش بۆ سەرۆک بارزانی زۆر ناخۆشبوو ھەروەھا بەڵێنی سەرۆک بارزانیمان بە کوردانی ئێزدی گەیاند کە ئەو شنگال ڕزگاردەکات، دواتر ھەنگاوی یەکەم باکووری شنگال مەزارگەی شەرفەدین و سنوون ڕزگارکرا، لە رۆژی ٣ـی٨ تاوەکو ٧-٨ـی ساڵی ٢٠١٤ سەرۆک بارزانی لە سەرھێل بوو بۆ ئازادکردنی ئەو خەڵکەی سەر چیایی شنگال و سەرۆک بارزانی ھێزێکی تایبەتی گەیاندە شنگال و توانیمان رێگای چیایی شنگال تا بگاتە ناوچەی دووگرێ و دواتر ناوچەی خازۆکا تا بگاتە سنووری سووریا ئەو رێگایەمان کردەوە و لەو رێگایەوە خەڵکی شنگال لە چیایی شنگال چوونەتە سووریا تاوەکو گەیشتنە ھەرێمی کوردستان.

''سەرۆک بارزانی ئەوەندە خەمبار بوو، ھەروەکو رۆژی ٨ ھەزاری بارزانییەکان و ئەنفالەکان و زیاتریش خەمبارتربوو، چونکە سەرۆک بارزانی دەیزانی داعشەکان خراپکاری گەورەیان بەرامبەر ئێزدییەکان کرد، ھەروەھا بۆ ئازادکردنی شاری شنگال سەرۆک بارزانی خۆی لە چیایی شنگال بوو نەگەڕاوە ماڵ و پێشمەرگەش ئەوەندە بە حەماس بوو بۆ ئازادکردنی شارەکە لە سێ قوڵەوە چووینە نێو شنگال و لە کاتژمێرێکدا توانیمان شنگال لەدەست داعش ڕزگاربکەین، بۆسەڵی وایگوت.

لە ساڵی ٢٠١٤ و دوای ئەو کارەساتەی رووبەڕووی ئێزدییەکان بووەوە سەرۆک بارزانی، سەنگەری رووبەڕووبوونەوەی داعشی لە شنگال کردە شوێنی مانەوەی خۆی و تاوەکو شنگال رزگار نەکرا سەرۆک بارزانی نەگەڕایەوە ماڵ و بارەگای خۆی.

ھاوکات حسێن قاسم حەسوون، راوێژکاری سەرۆکی ھەرێم بۆ کاروباری ئێزدییان دەڵێ، ئێستا ئێزدییەکان لە دۆخی نەخۆش دان، بەڵام ھەڵوێستی حکوومی و ھەوڵەکانی سەرۆکی ھەرێم و سەرۆک بارزانی و سەرۆکی حکوومەت بەردەوامن لەگەڵ یۆنیتاد و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، چونکە پێمان وایە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال دەستپێکێکی باشە و دەبێتە ھۆکاریک بۆ گەڕانەوەی ئاوارەکان.

حەسوون بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین ڕۆڵێکی کاراتر بگێردڕیت بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال بۆ ئەوەی چیتر ئێزدییەکان مەعاناتیان نەبێت''.

ھاوکات کەریم سلێمان، راوێژکاری ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان راگەیاند: ''ئەو نووسینگەیەی تایبەت بە ئازادکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی کرایەوە جێگایی دەستخۆشییە و تا ئێستاش بەردەوامە و بە گرنگییەوە لێی دەڕوانینن، ئێستاش ھەرچی شتی پێویست بێ ئەو نووسینگەیە دەیکات و تاوەکو یەک کەس مابێ بەردەوام دەبێت، لە ھەموو ڕوویێکەوە لەلایەن میر و ئەنجوومەنی ڕۆحانی ئێزدییان و چالاکوانی ئێزدی ھەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئازادکردنی ئەو ڕفێنراوانە''.

ناوبراو گوتیشی: ''لە ڕووی نێودەوڵەتییشەوە لە ھەموو کۆبوونەوەکاندا داواکاریمان ئەوەیە ئەو ڕفێنراوانەی ئێزدی رزگاربکرێن و دۆخی شنگال چارەسەر بکرێت و دەمانەوێ ئەو ڕێککەوتنەی شنگال لە نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقدا کراوە سەبارەت ئاسایکردنەوەی دۆخی شنگال بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە چونکە ناکریت ئێزدییەکان تا ھەیە لەم دۆخە دابن''.

بەپێی ئاماری نووسینگەی رزگارکردنی ڕفێنراوانی ئێزدی کە متمانەپێکراوە لەلایەن نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێزدییەکان لە عێراق ٥٥٠ ھەزار کەسن و ٣٥٠ ھەزار کەس ئاوارەبوون و ١٥٠ ھەزار کەس گەڕاونەتەوە شنگال و ١٢٩٣ کەس شەھید بوون و بێ باوکەکانیش ٢٧٤٥ کەسن و گۆڕە بە کۆمەڵەکان ٨٢ گۆڕن، جگە لە گۆڕی بە تاک و ٦٨ مەزارگە لە ناوبردراون لەلایەن داعشەوە.

نووسینگەکە دیاریشکردووە، ١٠٠،٠٠٠ ھەزار کەس کۆچی دەرەوەی وڵاتیان کرد و ٦٤١٧ کەس لەلایەن داعشەوە ڕفێنرابوون لەوانەش ٣٥٤٨ لە ڕەگەزی مێ و ٢٨٦٩ لە ڕەگەزی نێر، ھاوکاتیش و ٣٥٥٢ کەس رزگارکراون لەوانەش ١٢٠٧ ئافرەتن ٣٣٩ پیاون، ھەروەھا منداڵی مێ ١٠٥٠ و منداڵی نێر ٩٥٦ کەسن، ھاوکات ئەوانەی لەلایەن داعشەوە کوژراون و لاشەکانیان دۆزراونەتەوە ١٤٦ کەس بوون ئەوانەی تا ئێستا ڕفێنراون ٢٧١٩ کەسن لە وانەش ١٢٧٤ کەس لە ڕەگەزی مێی و ١٤٤٥ لە ڕەگەزی نێرن.

 

 کــاروان بــاعەدری

 

هەواڵی پەیوەندیدار