٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. زوبێر: جووڵاندنی شەقام لە عێراق مەترسیدارە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info-  دۆخی ئاڵۆزی لە عێراق تا دێت زیاد دەکات و دوای ماوەیەکی زۆر لە هەڵبژاردنی عێراق لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتن و دوو گرووپ و بەرە لەنێو شیعەکاندا دروست بووە، سەدرییەکان لەدژی چوارچێوەی هەماهەنگیی شەقامیان جووڵاند، مامۆستایەکی زانستە سیاسییەکان دەڵێت، پڕۆژەی هەردوو گرووپی شیعە مەترسیدارن بۆ عێراق و کوردیش لازمە پشت بە خۆی ببەستێت نەک بەغدا، ئەوە دیارە شەڕی بە کوێ دەگات.

پەیوەست بەو دۆخە ئاڵۆزەی ئێستا لە عێراق دەگوزەرێت، د. زوبێر ڕەسووڵ، دکتۆرای زانستە سیاسییەکان و پەیوەندییە هەرێمییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەوەی لە عێراق ڕوو دەدات دیار و ئاشکرایە، هۆکاری ململانێی نێوان دوو پڕۆژەیە، پێشووتر گرووپی چوارچێوەی هەماهەنگی لەگەڵ هاوپەیمانییە سێقۆڵییەکەی تر ڕێگایان نەدا حکوومەت پێک بێت، لە بەرانبەریشدا وەک پەرچەکردارێک گرووپی موقتەدا سەدر و لایەنگرەکانی شەقامیان بەکار هێنا بۆ دژایەتیکردنی ئەم پڕۆژەیەی پێشتر، ئەم فشار و ئاڵۆزییەی چوارچێوەی هەماهەنگی ویستیان لەنێو پەرلەمان بیکەن، ئەوان لە شەقام دەیکەن، ئەم یارییەی ئێستا مەترسیدارترە لەوەی پێشووتر، چونکە بەکارهێنانی شەقام مەترسیدارە، بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێکان، ئەگەر ململانێ لەنێو پەرلەمان بێتە سەرشەقام، لەوانەیە سەربکێشێت بۆ توندوتیژی، بۆ شەڕی ناوخۆ، ئەگەر بێت و بەراوردێک بکەین لە نێوان دەنگدەرانی ئەم دوو گرووپە، شتێکی وای نێوان نییە، بەڵام دەنگدەرەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی ئەوەندە ڕێکخراو نین، دواجار هەردوولا بۆ عێراق دوو پڕۆژەی خراپن.''

گوتیشی: ''ئەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دروستکردنی دەوڵەتێکە لە نێوان دەوڵەتێکی تر، یاخود بە میلیشیاکردنی عێراق وەک ئەم فۆڕمەی لە لوبنان دەیبینین، لە حیزبوڵڵا یا ئەوەی حەماس دەیانەوێ پەیوەندییەکی پتەوی هەبێت لەگەڵ ئێران بتوانێت پڕۆسەی سیاسی ئاراستە بکات لە دەرەوەی دامەزراوەکانی دەوڵەت، ئەم پڕۆژەیەی چوارچێوەی هەماهەنگی مەبەستمە، ئەوەی موقتەدا سەدریش سەرەتا هەرچەندە ئێمە وەک کورد و پارتی دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانیمان لەگەڵ دروست کرد، بەڵام بەڕاستی پڕۆژەکەی سەدر زیاترە لە پڕۆژەیەکی سیاسی، وەک ئەوەی موقتەدا سەدر دەیەوێت هەم سەرکردەیەکی ئایینی بێت، هەم سەرکردەیەکی سیاسی و هەموو میکانیزمە سیاسییەکان بەکار دەهێنێت بۆ مەرامی سیاسی، هەموو میکانیزمێک بەکار دەهینێت بۆ گەیشتن بەو ئامانجەی، تا عێراق بخاتە ناو شەڕێک لەپێناو کۆمەڵێک دەستکەوتی سیاسی، ئەمەش مەترسیدارە، ئەوەی موقتەداش هیچی کەمتر نییە لە دروستکردنی دەوڵەتێکی دینی و هاوشێوەی ئێران دەیەوێت ڕۆڵی سەرکردەیەکی ئایینی ببینێت، بۆ نموونە داوای گۆڕینی دەستوور دەکات، پڕۆژەی گەورە گەورە دەورووژێنێت، وەک ئەوەی بەتەنیا ئەو لە عێراق بێت، ئاشکرایە نیوەی زیاتری عێراق دەنگی نەدا و لەم نێوانەدا سوننە و کوردیش هەیە، ئەم دەنگانەی دراوە، سەدا ٣٠ی دەنگی عێراقە، سەدا حەفتاکەی خۆ دەنگی بە کەس نەداوە.''

د. زوبێر گوتیشی: "ئەم ئاڵۆزییە بەردەوام دەبێت، بەڵام باوەڕ ناکەم بگاتە ئاستی شەڕی شیعە و شیعە، لەوانەیە شەڕێک ڕوو بدات، بۆ چارەسەری ئەمانە ئۆپشنەکان کەمن، ئەمەریکا و دەرەوە تا ئێستا هیچیان نەگوتووە، لەوانەیە بەهێزترین بژاردە ئەو بێت، ئەوانەی پەرۆشن زیاتر ئێرانە، دەترسێت لە دەستیان دەربچێت، ناهێڵن لەدەست دەربچێت لە نێوان شیعە و شیعەدا، زۆر فاکتەر هەن بۆ نموونە، مەرجەعیەت هەیە، ئێران هەیە، دواتر سەدریش باوەڕ ناکەم ئەم هەنگاوە بنێت، دەترسێت تاوانباری بکەن بە دروستکەری ئاشووب و فیتنە، هەتا دێت گوشارەکان تا ئەوپەڕی بەکار دەهێنێت، بەردەوام دەبێت و ئەم حکوومەتەی کازمی تا ساڵێکی تریش بەردەوام دەبێت و دواتر کاتێک دیاری بکرێت بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، تا هەڵبژاردنێکی تر بکڕێتەوە، تا ئێستا ئەم بژاردەیە بەهێزترین بژاردەیە، چونکە زەحمەتە بگەنە فۆڕمێک بۆ ڕێککەوتن، بۆ نموونە داوا دەکات چوارچێوەی هەماهەنگی بکشێنەوە، داوا لە هادی عامری دەکات بکشێتەوە  لەم هاوپەیمانیەتییە، سەدر مەرجەکانی خۆی فەرز دەکات بەسەر هەموواندا، لەوانەیە ئەوان نەچنە ژێرباری هەموو شتێکەوە، پێشتر گرووپی چوارچێوەی هەماهەنگی لەنێو ساحەکەدا بوون."

ئەگەر ئەم ئاڵۆزییانە پەیوەست بە کورد شی بکەینەوە د. زوبێر ڕەسووڵ دەڵێت: ''هەردوو پرۆژەکەی هەردوو گرووپی عێراق بۆ کوردستان و کورد مەترسیدارن، ئێمەش وەک هەرێمی کوردستان بژاردەی زۆرمان نییە، سەربەخۆ نین، تەنیا ئەگەر ئەم پێشنیارەی کرا لەلایەن نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمەوە بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ چارەسەری کێشەکان، کورد لەوانەیە بتوانێت لە قۆناغێکی تردا بەڕاستی پێداچوونەوەیەک بکات بەوەی کە زۆر پشت بە بەغدا نەبەستین، چونکە بەغدا ئەوەیە کە وا ئێستا هەیە و بەرزیی نرخی نەوت عێراقی ڕاگرتووە، نرخ دابەزێت بەغدا ئامادە نییە ئەو هاوکارییە داراییەی بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە، بنێرێت، جگە لەمەش دۆخی ئابووری و ئەمنییش، هەموو شتێک مووچە نییە، ئێستا ئەوەی بینیم خواستی کڕینی خانووبەرە لە هەرێمی کوردستان زیاد بووە کە عەرەبەکان دەیکڕن، ئەمە کاریگەریی دەبێت لەسەر بازاڕ، لەسەر بەشەکانی تر، خەڵک بەرگەی ئەوە ناگرێت، بۆ کوردستان ئێمە لەنێو خۆماندا ئەم چاکسازییانەی کردوومانە، بەردەوام بین و هەوڵ بدەین لەسەر پێی خۆمان بوەستین بەبێ بەغدا، چونکە ئەگەر پشت بە بەغدا ببەستیت، بەغدا هاوکاریت ناکات، هەرێمی کوردستانیش لە بەردەم مەترسیدایە، ئەگەر نرخی نەوت دابەزێت خۆ نرخی نەوت هەروا نابێت، لەوانەیە دووبارە دووچاری کێشەی دارایی ببینەوە، بەغدا چارەسەری کوردستان ناکات، چونکە لە عێراق هەرچی بقەومێت، عێراق بۆخۆی دەوڵەتە هاوشێوەی سووریا کە هەموو شتێکی بەسەر هات، بەڵام حکوومەتەکەی بەشار ئەسەد نەڕووخا و هەر مایەوە، چونکە دەوڵەتن، بەڵام کورد بەو شێوەیە نییە و مەترسی لەوانەیە بۆ قەوارەکەیشی دروست بێت، کەواتە سەرکردایەتیی کورد و لایەنەکان پێویستە بە هەستیارییەوە لەگەڵ ئەم دۆخەی ئێستای عێراقدا مامەڵە بکەن."

فایزە کۆیی

هەواڵی پەیوەندیدار