٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی: لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن

سەرچاوە: KDP.info

 ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق پێی وایە، بەردەوامبوونی خۆپێشاندانەکانی عێراق سەر بۆ رووداوی ناخۆش دەکێشێ  دەشڵێ، لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن.

د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەمە دووەم جارە خۆپێشاندان لەنێو پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت، بەڵام جاری یەکەم کشانەوە و دوێنێ وەزیرەکەی سەدر فەرمانی بە لایەنگرانی کرد لە نێو پەرلەمان بمێننەوە و دوای نوێژی مەغریب خۆپێشاندانی پارێزگاکان کۆتایی بێنن و لەماڵەکانیان بمێننەوە، بۆیە ئێمە لەگەڵ ئەوەداین کێشەکان بە دانوستان چارەسەر بکرێن،  ھاوکات بەھۆی خۆپێشاندانەکانی بەغدا زۆربەی خێزانەکانی نیشتەجێی ناوچەی سەوز ناوچەکەیان بەجێی ھێشتووە".

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی گوتیشی: "ھەموو لایەک جەخت لەسەر خۆپێشاندانی ھێمنانە دەکاتەوە، بەڵام ھەموو لایەکیش باش دەزانین خۆپێشاندانی ھێمنانە رۆژێک دوانە دواتر سەر بۆ رووداوی ناخۆش دەکێشێ، چونکە ئێستا ھێزە ئەمنیەکانی عێراق ئەرکی پاراستنی خۆپێشاندەران یانیش ھەردوولا بەڕێوەدەبەن، ھەروەھا مەترسی پێکدادان ھەیە ئەگەر ڕەوشەکە بەو شێوەیە بەردەوامی ھەبێت، ھەرچەندە تا ئێستا خوێن نەڕژاوە لەگەڵ ئەوەشدا ھەندێ سوکایەتی ھەیە لەنێو پەرلەمانی عێراق".

لەبارەی داواکاری ھەندێ لایەن بۆ ھەموارکردنەوەی دەستوور، د. ڤیان سەبری روونیکردەوە: "کێشەی شەخسی لەنێوان سەرکردەکانی شیعەدا ھەیە و دیاریکردنی سەرۆک وەزیرانیش ناکۆکی ھەبوو لەنێو ماڵی شیعە، ھەروەھا ھەموارکردنەوەی دەستوور رێکاری یاسایی و دەستووری خۆی ھەیە، ساڵی ٢٠١٩ لیژنەیەک پێکھات و شەش کورد تێدا ئەندام بوون و خوێندنەوەی بۆ کراوە، بەڵام کاتێک باسی گۆڕینی دەستوور دەکرێت ،پێویستی بەرێو شوێن ھەیە کە دەستوور خۆی دیاری کردوە.

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار