فراکسیۆنی یەکێتی: بەدەم پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمهوه نەیەن عێراق بەرەو تونێلی تاریک دەڕوات

سلێمانی-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی پەیامێکی ئاڕاستەی لایەنە عێراقییەکان کرد کە بێنە ھەولێر و بە گفتووگۆ کێشەکان چارەسەر بکەن، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراقی لە ھەولێر کارێکی زۆر باشە، بەدەمیەوە نەیەن عێراق بەرەو تونێلی تاریک دەڕوات.
ھەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "ئەو دۆخەی ھەیە لەناو ماڵی شیعە ڕەنگدانەوەی خراپی ھەیە لەسەر کۆی پڕۆسەی سیاسی و ئاسایش و متمانەی عێراق لە ناوخۆ و دەرەوە، بۆیە چارەسەرێکی بەپەلەی پێویستە کە نەگاتە ئاستی خوێنڕشتن و یەکتر شکاندن".
کەمال ئاغا ئاماژەی بەوەکرد: "پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆبوونەوەی لایەنەکانی عێراقی لە ھەولێر کارێکی زۆر باشە، لایەنی چوارچێوەی ھەماھەنگی بەدەم داواکارییەکەی سەرۆکی ھەرێمەوە ھاتوون، ئەمەش ھەنگاوێکە لە کاتی خۆیدایە و پێمان وایە کێشەکانی عێراق ڕەنگدانەوەی دەبێت لەسەر ھەرێمی کوردستان، بۆیە چارەسەرکردنی چارەسەری کێشەی ھەموو عێراقە بۆیە لە کاتێکی گونجاوه و کارێکی باشە".
ناوبراو گوتیشی: "ئەگەربێت و ئەو دۆخەی عێراق بەو شێوەیە بەردەوامبێت عێراق بەرەو تونێلێکی نادیار دەڕوات، ھەردوو لای ناکۆک ھێزی چەکداریان ھەیە بۆیە باشترین چارەسەر گفتوگۆیە و لە رێگەی گفتوگۆوە کێشەکان چارەسەر بکرێت، ئێمە پێمان وابوو، ڕەوتی سەدر لە ژێر سەقفی پەرلەمان چاکسازی بکردایە لەوێش زیاتر کاریگەری دەبوو زۆرجار شەقام ئامانجەکە ناپێکێت".
سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی دهشڵێ: "دوو رێگا لەبەردەم لایەنە عێراقییەکان ھەیە، یەکەم ئەمەی بەڕێز سەرۆکی ھەرێم کردوویەتی داوای گفتووگۆ دەکات بۆ قبوڵکردنی یەکتری، ڕەتکردنەوەی واتە نازاندرێت عێراق بەرەو کوێ دەڕوات ئەوەش باشترین رێگایە بۆ چارەسەرکردن تاوەکو دۆخەکە بەرەو خراپ نەڕوات، ھەروەھا داوای گۆڕانکاری لە دەستوور و سیستەمی سیاسی، ئەمەش لە رێگای دەزگا شەرعییەکانەوە دەکرێت، چونکە چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی وڵات و دەستوور پێویستی بە گفتووگۆ ھەیە و ڕەزامەندی ھەموو لایەکی دەوێت".
ھاوکات دەشڵێ: "دەستپێشخەریەکەی سەرۆکی ھەرێم بە سوودی کۆی پڕۆسەی سیاسی عێراق تەواو دەبێت، ھەروەھا تەواوی ئەو دەستکەوتانەی بەدەست ھاتووە بە یەکڕیزی ناوماڵی کوردی بە دەست ھاتووە، ئەوەشی لە دەستمان داوە بەھۆی لێکترازانی ناوماڵی کوردی بووە، کارێکی نیشتیمانی و نەتەوەییە و کارێکە لەپێناو بەرژەوەندی خەڵکە لەم دۆخە بەتایبەتی یەکڕیز بێت و پەیامی ھەبێت و ئاماددەکاری خۆشی ھەبێت".
عەزیز ڕەسووڵ




