بەڕێوەبەری پۆلیس بۆ KDP: چەکێکی زۆری بێ مۆڵەت دەستی بەسەر داگیراوە

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر رایگەیاند، ھەڵمەتی بنبڕکردنی چەکی بێ مۆڵەت بەردەوامە بە شەو و بە ڕۆژ و توانراوە چەکێکی زۆری بێ مۆڵەت دەستبەسەردا بگیرێت و کاریگەریشی ھەبووە لەسەر دیاردەی کوشتن و خۆکوشتن.
عەمید دلێر یاسین نەجار، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ئەو ھەڵمەتە بەفەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەستی پێکردووە بۆ نەھێشتنی چەکی بێ مۆڵەت و کاریگەری زۆر باشی ھەبوو لەسەر نەمانی چەکی بێ مۆڵەت و لەسەر دیاردەی خۆکوشتن و کوشتنیش، چونکە ھێزەکانی ئێمە بەشەو و ڕۆژ کار بۆ دەستبەسەرداگرتنی چەکی بێ مۆڵەت دەکەن".
بەڕێوەبەری پۆلیسی ھەولێر گوتیشی: "چەکێکی زۆر دەستی بەسەر داگیراوە و ئامارەکانیش لە ئایندەیەکی نزیکدا وەزارەتی ناوخۆ بڵاوی دەکاتەوە و ئەوەی چەکی بێ مۆڵەت ھەڵدەگرێت جگە لە چەک وەرگرتن لێی، ئەمەش بەپێی یاسای چەک رێکاریشی بەرامبەر دەگیرێتەبەر".
نەجار گوتیشی: "لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و وەزیری ناوخۆ بەردەوام دەبین لەسەر بنبڕکردنی چەک و بەتایبەت چەکی بێ مۆڵەت و چەندین رێنماییش لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچوون ئەوانیش جێبەجێ دەکەین".
ناوبراو دهشڵێ: "ئەو ھەڵمەتانە زۆر گرنگن و ھەموو ھێزە ئەمنیەکانی تێیدا بەشدارن و لە بەرژەوەندی ھاووڵاتیانی خۆماندایە، بۆیە بەردەوام دەبین تا بتوانین چەکی بێ مۆڵەت بنبڕ بکەین لە ھەرێمی کوردستان".
بڵند ئیبراھیم




