٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

د. مەحموود عوسمان: پێشنیاری سەرۆکی ھەرێم لە کاتی خۆیدا بوو

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەمڕۆ لە پەیامێکیدا سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشنیاری کرد لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانوستان بکەن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێستای عێراق و سیاسەتمەدارێکی کوردیش پێی وایە، پێشنیارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدایە.

د. مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''کێشەی ئێستای عێراق بەھۆی کشانەوەی سەدرە، چونکە مافی سەدر بوو حکوومەتی نوێی عێراق پێک بێنێت کە ڕێگە نەدرا ئەویش تا پێی بکرێت ڕێگر دەبێت لە بەردەم لایەنەکانی دیکە، بەڵام دەستپێشخەریی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لەجێی خۆیدا بوو، تا لایەنە عێراقییەکان دەست بە دانوستان بکەن.''

ئەو سیاسەتمەدارەی کورد گوتیشی: "پێشنیارەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان شتێکی مەعقوولە بۆ دەستپێکردنی دانوستان لە نێوان لایەنە عێراقییەکاندا، بەتایبەتی ئەوانەی ناکۆکن، چونکە دەبێت شوێنێک ھەبێت بۆ دانوستان.''

د. مەحموود عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''ئەگەر لایەنە عێراقییەکان پێشوازی لە پێشنیاری نێچیرڤان بارزانی بکەن و لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان، یان ھەر شوێنێکی دیکە کۆ ببنەوە، دەتوانن بۆچوونەکانیان ئاڵوگۆڕ بکەن، چونکە تەنیا ڕێگە لە بەردەم عێراقییەکاندا دانوستان و ڕێککەوتنە، ئەمڕۆش سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەو پێشنیارەی کردووە بەڕای من شتێکی باشی کردووە.''

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار