عەقید دارا فارووق: بە تۆمەتی بازرگانی بە مرۆڤەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بیانی سزا دراون

هەولێر-KDP.info- بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە ژمارەیەک ھاووڵاتیی بیانی لەلایەن دادگاکانی ھەرێمی کوردستانەوە حوکم دراون و بەڕێوەبەری تاوانە ڕێکخراوەکانیش دەڵێت، حەوت کەیس یەکلا کراونەتەوە و تاوانەکانی بازرگانی بە مرۆڤ زیاتر لەلایەن ھاووڵاتیانی بیانییەوە دەکرێن.
عەقید دارا فارووق، بەڕێوەبەری تاوانە ڕێکخراوەکانی وەزارەتی ناوخۆ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕۆژی ٣٠/٧ی ھەموو ساڵێک بەپێی بڕیاری نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی بازرگانییە بە مرۆڤەوە، لەبەر ئەوەی حکوومەتی عێراقیش ئەو یاسا نێودەوڵەتییەی پەسەند کردووە و یاسای بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە دەرکردووە و لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە بە یاسای ژمارە ٦ ساڵی ٢٠١٨ بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە پەسەند کراوە.''
بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ڕێکخراوەکان دەشڵێت: "شەش نووسینگە لە ھەرێمی کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی بازرگانی بە مرۆڤەوە کراونەتەوە و کار بۆ نەھێشتن و سزادانی ئەو کەسانە دەکەن کە بازرگانی بە مرۆڤەوە دەکەن.''
عەقید دارا فارووق ڕوونیشی کردەوە: "زۆربەی ئەو تاوانانەی تۆمار دەکرێن لە ھەرێمی کوردستان و تایبەتن بە بازرگانی بە مرۆڤەوە، لەلایەن ھاووڵاتیی بیانی ئەنجام دراون، نەک ھاووڵاتیی عێراقی و ھەرێمی کوردستانی، ھەر حاڵەتێک تۆمار کرابێت، ئەوە یەکسەر بەدواداچوونی بۆ کراوە و ڕێکاری یاسایی گیراوەتە بەر و دوای پشتڕاستکردنەوەی ڕەوانەی دادگا کراون بۆ ئەوەی بەپێی یاسا سزا بدرێن، تا ئێستا حەوت کەیس یەکلا کراونەتەوە و لەلایەن دادگای ھەرێمی کوردستان و تاوانبارانەوە سزا دراون بە تۆمەتی ئەنجامدانی تاوانی بازرگانی بە مرۆڤ.''
قائید میرۆ




