٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

''کەسوکاری بارزانییەکان ٣٩ ساڵە لە چاوەڕوانیدا دەژین''

سەرچاوە: KDP.info

بارزان-KDP.info- بەر لە ٣٩ ساڵ ڕژێمی بەعسی لەناوچوو پڕۆسەی بەناو ئەنفالی لەسەر ھاووڵاتییانی بارزانیی جێبەجێ کرد و لە ئەنجامدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتی سڤیلی بارزانی بێسەرۆشوێن و دواتر زیندەبەچاڵ کران، کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بارزانی باس لەوە دەکەن بەھۆی بێباوکییەوە ٣٩ ساڵە لە چاوەڕوانیدا دەژین.

دڵشاد سەلیم، لەبارەی جینۆسایدکردنی بارزانییەکانەوە بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''پڕۆسەی بەناو ئەنفال ھەزاران کەسی وەک من بێباوک کرد، لەگەڵ برایەکەم لە تەمەنێکی زۆر بچووکدا بووین کاتێک باوکمان لەگەڵ ھەشت ھەزار بارزانی ئەنفال کرا، تەنیا ئێمە دەزانین دەردی بێباوکی چەندە قورسە، چونکە زیاتر لە ٣٠ ساڵ ئێمە ھەر چاوەڕێی گەڕانەوەی بووین و بەبێ نازی گەورە بووین، ھەرچەندە دایکم ڕۆڵی گەورەی ھەبوو لەوەی نەیهێشت ئێمە ھەست بەو بوشاییەی بێباوکییە بکەین و ئازاری زۆری چەشت تا ئێمەی گەورە کرد.''

حەکیم مزووری، گەنجێکی دیکەی بارزانییە و بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''خوای گەورە تۆڵەی ئێمە لە زاڵمان بکاتەوە، لە منداڵییەوە بێباوکیان کردین، لەبیرمە دایکم و باپیر و داپیرەم بە درێژایی ساڵانی دوای ئەنفال بێدار بوون، چاوەڕێی باوکم و خزم و کەسماندا بوون، تا بگەڕێنەوە، مردن ئەمری خوای گەورەیە، بەڵام مردنی باوک و کەسوکارمان ھەموو ڕۆژێک بوو، ھەموو ڕۆژێک تا ئێستا ھەر پرسەیە بۆ ئێمەی بارزانی، لەبەر ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر نامرۆڤانە کەسوکاریان زیندەبەچاڵ کردین.''

حەکیم مزووری ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''جگە لە ئەنفالکردنی باوک و کەسوکارمان حکوومەتی ئەوکاتی عێراق بە ھەموو توانایەک گەمارۆی خستەسەر ئەو کۆمەڵگەیەی ئێمەی تێدا نیشتەجێ بووین، تەنانەت ئاوی خواردنەوەی لێ بڕین، دایکم ئامادە نەبوو تەسلیمی زۆڵمی زۆرداران ببێت و پەنای بردە بەر کارکردن و چەندین ساڵ کرێکاریی کرد، تا ئێمەی گەورە کرد.''

ھەدار بارزانی، پارێزەری کەیسی بارزانییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیاری دادگا و پەرلەمان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری ھەشت ھەزار بارزانی ھەیە، بەڵام حکوومەتی عێراق ئامادە نییە لیژنەیەکی سەرەکی لە ھەولێر و لیژنەیەکی لاوەکی لە شارەکانی دیکەی ھەرێم بکاتەوە بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری جینۆسایدکراوانی بازرانی و ئەوانی دیکەش، ئەمەیش پێشێلکردنی دەستوور و یاسایە، چونکە بە ھەموو پێوەرێک ئەرکی حکوومەتی عێراقە کەسوکاری جینۆسایدکراوانی کورد قەرەبوو بکاتەوە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار