''ڕووفاتی بارزانییەکان گەیشتەوە خاکی کوردستان''

بارزان -KDP.info- ئەمڕۆ ١٠٠ ڕووفاتی بارزانییە ئەنفالکراوەکان گەیشتەوە خاکی پیرۆزی کوردستان و بڕیارە سبەی یەکشەممە، ٣١/٠٧/٢٠٢٢، لە ڕێوڕەسمێکی شایستەدا لە بارزان لە گۆڕستانی جینۆسایدکراوانی بارزانیدا بە خاک بسپێردرێن.
ڕیبوار ڕەمەزان، بەڕێوەبەری شەھید و ئەنفالکراوانی بارزان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ڕووفاتی ئەو ١٠٠ بارزانییەی لە بیابانەکانی عێراق لەنێو گۆڕێکی بەکۆمەڵدا دۆزرابوونەوە، دوای ڕێکارە یاسایی و زانستییەکان لە بەغداوە گەیشتوونەتەوە خاکی پیرۆزی کوردستان و بڕیارە سبەی ڕێوڕەسمێکی شایستەیان بۆ ساز بکرێت و لە گۆڕستانی بارزانییەکاندا بە خاک بسپێردرێن.''
بڕیارە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمرۆ شەممە، ٣٠/٠٧/٢٠٢٢، لە شاری ھەولێر ڕێوڕەسمی پێشوازیکردن لە ڕووفاتی بارزانییەکان بەڕێوە بچێت و لەسەر ئاستی باڵادا بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان بەشداریی تێدا دەکەن.
٣٩ ساڵ بەر لە ئێستا ڕژێمی بەعس لە ھەڵمەتێکی دوور لە ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتیدا ھەشت ھەزار ھاووڵاتیی سڤیلی ڕاپێچی بیابانەکانی عێراق کرد و دواتر زیندەبەچاڵ کران، ساڵی ٢٠٠٥ لە باشووری عێراق ٥٠٠ ڕووفاتی بارزانییەکان دۆزرایەوە و ساڵی ٢٠١٤ لە سەماوەی باشووری عێراق ٩٣ ڕووفاتی دیکە دۆزاریەوە و بۆ جاری سێیەمیش ١٠٠ ڕووفاتی دیکە لە ناوچەی بوسەییەی پارێزگای سەماوە دۆزراونەتەوە و لە کۆی ھەشت ھەزار ڕووفاتی بارزانییەکان تا ئێستا تەنیا ٦٩٦ ڕووفات گەڕێندراونەتەوە خاکی باب و باپیرانیان.
قائید میرۆ




