٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا: ھەموو ھەوڵێکمان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگرین

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر –KDP.info- دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامی ١٢ی ئامادەیی، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، ئامادەکاریی دەکات بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆ و پەیمانگاکان و، بریکاری وەزارەتەکەش دەڵێت، ھەموو ھەوڵێکیان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگرن.

د، عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق، بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ساڵانە لە زانکۆ و پەیمانگاکان کۆمەڵێک پێوەر بۆ وەرگرتنی قوتابیان ھەیە، لە چوارچێوەی کار و کوالێتیی خوێندن، ساڵانە دیراسەی وەرگرتنی قوتابیان دەکرێت، ھەر کۆلیژێک بەپێی توانای خۆی کورسی بۆ قوتابیان دابین دەکات، ساڵانە بۆ دابینکردنی زیاترین کورسیی خوێندن ھەوڵ دراوە بەپێی پلان ژمارەی کورسییەکان زیاد بکرێن، بەداخەوە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر کوالێتیی خوێندن دەبێت، لەبەر ئەوەی کۆلیژێک کە توانای ١٠٠ قوتابی ھەیە، ١٢٠ قوتابیی تێدا جێ بکرێتەوە، کاریگەریی لەسەر کوالێتی خوێندن ھەیە، بەڵام ھەموو توانایەکمان بۆ ئەوەیە زۆرترین قوتابی وەربگیرێت و قوتابی نەمێنێتەوە.''

بریکاری وەزارەتی خوێندنی باڵا دەشلێت: ''ئێمە ئێستا لە قۆناغی گۆڕانکاریداین و ھەندێک بەش ھەیە ئێستا بازاڕی کاری نییە، باشترە ئەو بەشانە بگۆڕین بەو بەشانەی قوتابی فێری پیشەیەک دەبێت، تا دوای دەرچوون لە بازاڕی کار قوتابی سوودمەند بێت.''

د. عەبدولفەتاح عەبدولڕەزاق ڕوونیشی کردەوە: ''دیار نییە ئەمساڵ ژمارەی ئەو قوتابیانەی وەردەگیرێن چەندەیە، چونکە وەرگرتنی قوتابی پەیوەستە بە ژمارەی دەرچوانی ١٢ی ئامادەیی و توانای لەخۆگرتنی قوتابی لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا.''

 

قائید میرۆ


 

هەواڵی پەیوەندیدار