لیوا ڕۆکن حەماد فازڵ: داوای ھێزی زیاتر کراوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان
__2022_07_28_h17m23s55__HK.jpg)
هۆک –KDP.info- دوای ڕووداوەکەی حەفتەی ڕابردووی سنووری زاخۆ، بڕیارە پێداچوونەوە بە خاڵە سنوورییەکاندا بکرێت و فەرماندەیی پاسەوانیی سنوور لە ھەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، داوای ھێزی زیاتریان کردووە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان.
لیوا ڕۆکن حەماد فازڵ، فەرماندەی پاسەوانیی سنوور، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''سەردانی لیژنەی بەغدا بۆ ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان بۆ ئاگاداربوونە لە ڕەوشی سنوور و لیژنەکە بە فەرمانی سەرۆکوەزیرانی عێراق پێک ھاتووە و سەردانی سنووری پارێزگای دھۆکی کردووە، تا لە نزیکەوە ئاگاداری خاڵەکانی پاسەوانیی سنوور بین، ئەو ھێزانەی لە ناوچەی یەک جێگیر کراون بەشی ئەوە ناکەن لە ھەموو خاڵەکانی سنووری جێگیر بکرێن.''
فەرماندەکەی پاسەوانیی سنوور گوتی: ''پێشنیاری ئەوەمان کردووە لە ڕووی پێداویستیی سەربازییەوە ھاوکاریی زیاتری پاسەوانیی سنوور بکرێت، ھەروەھا ژمارەی ھێزەکانمان لە پاسەوانیی سنوور زیاد بکرێت، تا بتوانین خاڵی زیاتر دابنێین و سنوورەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن.''
لیوا ڕۆکن حەماد فازڵ ڕوونیشی کردەوە: ''چەندین جار لیژنە ھاتوون بۆ سنوورەکانی ھەرێمی کوردستان و بەپێی پێشنیارەکانی ئێمە شتی باش دەکرێت بۆ ئەوەی ناوچە سنوورییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن و ھێزەکانی پاسەوانیی سنووری زیاد بکرێت، چونکە ئێمە کار دەکەین بگەینە خاڵی سفری سنوور و ھێزەکانمان بەتەواوەتی لەسەر سنوور جێگیر بکرێن.''
قائید میرۆ




