سیراج بارزانی: هەوڵ هەیە دەرگای دامەزراندن بكرێتەوە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای كرد، حکوومەت پێداچوونەوە بە میلاک و راژەی فەرمانبەران دەکات. جەختیش دەكاتەوە، هەوڵ هەیە دووبارە دەرگای دامەزراندن بكرێتەوە و ساڵانە بەشێك لە دەرچووان دابمەزرێندرێن.
سیراج بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتیی ڕاژە، رایگەیاند: "كابینەی نۆیەم زۆر گرنگیی بە كەمكردنەوەی خەرجییەكان و زیادكردنی داهات داوە، بۆ ئەوەی بتوانێت دووبارە دەرگای دامەزراندن بكاتەوە و ساڵانە ئەگەر ژمارەیەكی رەمزییش بێت، بەشێك لە دەرچووان دابمەزرێنێت، بەجۆرێك بارقورسیی لەسەر حكوومەت دروست نەكات".
ئاماژەی بەوەش دا، پێداچوونەوە بە میلاک و راژەی فەرمانبەراندا دەكرێت، هەر بۆیە ئەنجوومەنی گشتیی راژە دامەزراوە، گوتیشی: "ئێمە پێداچوونەوە بە میلاكدا دەكەین و دووبارە دابەشكردنەوە بۆ راژەی فەرمانبەران بەپێی پسپۆڕی دەكەین، ئەویش بە راوێژ لەگەڵ فەرمانبەران، لە هەموو دامودەزگاكان و سێكتەرەكان ژمارەی فیعلیی فەرمانبەران دەستنیشان دەكەین، بەڵام فەرمانبەران دڵنیا دەیكەنەوە، گواستنەوەیان بە راوێژ دەبێت".
سیراج بارزانی، ئەوەشی خستە ڕوو، دامەزراندنی ئەنجوومەنی راژە بەشێكە لە هەنگاوەكانی چاكسازیی كابینەی نۆیەم: "مەبەست لەو ئەنجوومەنە، دووبارە دابەشكردنەوەی توانا مرۆیی و پسپۆڕییەكانی فەرمانبەرانە بەسەر دامەزراوەكاندا".
ئەنجوومەنی گشتىی راژە، بە یاسای ژمارە 7 لە ساڵی 2011 لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە فەرمانی ژمارە 2478 لە 2020/12/3ی سەرۆك وەزیرانی ھەرێمی کوردستان دامەزرا.
ڕامان وریا




