٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی ژینگە: خەریکی پڕۆژەیەکین بۆ بارانی دەستکرد لە هەرێمی کوردستان

سەرچاوە: KDP.info

هە‌ولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان گوتی، بەپێی پڕۆژەیەک کە خەریکە ئامادەی دەکەین بارانی دەستکرد دروست دەکرێت و لە وەرزی هاویندا دەبارێت کە لە چەند وڵاتێک ئێستا جێبەجێ دەکرێت و سوودێکی زۆری هەیە بۆ ژینگە و کەمکردنەوەی پلەی گەرما و زیادبوونی ئاوی ژێر زەوی و کشتوکال.

ئازاد نووری عەوڵا، بەڕێوەبەری هونەری لە دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''پڕۆژەیەکمان هەیە بۆ بارانی دەستکرد کە لە ساڵی 1946وە ئەوە هەیە و لە ساڵی 1986 عێراق ئەو کارەی کردووە، بەڵام دواتر دۆخی عێراق تێک چووە و ئێستا لە سووریا و ئیمارات جێبەجێ کراوە و ئەوەش پێویستی بە کەسانی پسپۆڕ هەیە و لەو ماوانە و وۆرکشۆپێکمان ئەنجام دا و پرۆفیسۆرێک لە بەغدا هات ئەو زانیارییانەی هەبوو باسی کرد و بڕیارە سیمیناری دیکەش بکەین.''

ئازاد نووری عەوڵا گوتیشی: داوامان لە بەغدا کردووە ڕاپۆرتێکمان بۆ ڕەوانە بکەن و دەیدینە ئەنجومەنی وەزیران و لەوێ دیراسە بکرێت کە تێچووی چەندە و سوودی چەندە و لە بەرژەوەندیی ژینگەیە و لە کوێ جێبەجێ بکرێت، بۆیە ئەمانە هەمووی یەکلایی دەکرێتەوە کە لە هەموو شارەکان بارانی دەستکرد ببارێت، کە لە وەرزی هاوین دەبێت، چونکە کێشەمان هاوینە کە بەو شێوەیە پلەی گەرما دێتە خوارێ و ئەو هەڵمەی لە هەوا هەیە کۆ دەکاتەوە، چونکە هەڵم و ئاوێکی زۆر لەناو هەوا هەیە و بە ڕێگای ڕادار دەیکاتە باران، بۆ کشتوکاڵ باشە و ئاوی ژێر زەوی و سەرزەوی باشە و ئێمە لە سەرەتای پڕۆژەکەین کە لە ئەنجومەنی وەزیران تەواو بێت لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان قسە دەکەین کە پڕۆژەیەکی گەورەیە و دواتر جێبەجێ دەکرێت.''

 

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار