٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فەرماندەیەکی پێشمەرگە: چەند ئۆپەراسیۆنێکی دیکە دژی داعش بەڕێوە دەچێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info-  بەرپرسێکی وەزارەتی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، ھەماھەنگی لە نێوان وەزارەتی پێشمەرگە و بەرگریی عێراقدا ھەیە بۆ بەڕێوەچوونی ژمارەیەک ئۆپەراسیۆن دژی چەکدارانی تیرۆریستی داعش و دەشڵێت، کێوماڵی ئەو ناوچانە دەکرێت کە بۆشاییی ئەمنییان ھەیە.

عەمید روکن عادل زەنگەنە، نوێنەری وەزارەتی پێشمەرگە لە بەغدا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "پێشتریش ھەماھەنگی لە نێوان ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقدا ھەبووە و لە داھاتووشدا بەردەوام دەبێت، تا پلان بۆ بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنێک دادەنرێت، پێشتر کۆبوونەوەی ھاوبەش بەڕێوە دەچوو بە مەبەستی دروستکردنی ھەماھەنگی و ھاوکاری لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق بۆ ئەو شوێنانەی پێویستیان بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن ھەیە، کە پێی دەگوترێت جێی بایەخی ھاوبەش و تیرۆریستانی داعش سوود لەو ناوچانە وەردەگرن، بێگومان پێشتریش ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش لە چەند ناوچەیەک ھەبووە لەلایەن ھێزی پێشمەرگە و سوپای عێراقەوە".

نوێنەرەکەی وەزارەتی وەزارەتی پێشمەرگە دەشڵێت: "لە ھەندێ ناوچە ھێزی عێراقی و پێشمەرگەی لێ نییە و تیرۆریستانیش سوودیان لێ وەرگرتووە بۆ ئەنجامدانی کردەوەی تیرۆرستی، لەبەر ئەوەش ناوە ناوە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش بۆ سەر ئەو ناوچانە ئەنجام دەدرێن، تا ناوچەکان پاک برێنەوە لە تیرۆرستان، ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنەکان بەردەوام دەبێت و چەند قۆناغێکی دیکەش لە پلاندان، پێشتریش لە نزیک مەخموور و قەرەچووغ و گەرمیان و ناوچەی دیکە ئۆپەراسیۆنی ھاوبەش ھەبووە".

 

قائید میرۆ

 

.

هەواڵی پەیوەندیدار