سیروان محەمەد: ھەرێم و بەغدا پێویستیان بە سەرژمێری ھەیە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لەبارەی سەرژمێریەوە ھەولێر و بەغدا کۆکن، بەڵام پێویستی بە رێککەوتنە بۆ ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان.
سیروان محەمەد، سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "مانگی رابردوو دووجار لەگەڵ وەزیری پلاندانانی عێراق لەبارەی پرۆسەی سەرژمێری کۆبووینەتەوە، لە کۆبوونەوەی دووەم باسی لەوەکرد لە کۆتایی ساڵی داھاتوو پرۆسەی سەرژمێری بەڕێوە دەچێت، ھاوکات ھەرێم و بەغدا لەسەر ئاستی ئاگاداری سەرژمێرین و پێویستیان بە سەرژمێری ھەیە".
سەرۆکی دەستەی ئاماری ھەرێم گوتیشی: "ئەنجامدانی سەرژمێری بەتایبەتی لەناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێویستی بە وردبوونەوەی زیاتر ھەیە، کە چۆن ئەنجامبدرێت، لەبەر ئەوەی مەترسی ھەیە لەلای ھەرێمی کوردستان دواتر ئەنجامی سەرژمێری لەو ناوچانە بۆ مەرامی دیکە بەکاربھێندرێت، چونکە پێشتر تەعریب لەو ناوچانە ھەبووە و لەدوای ١٦ی ئۆکتۆبەریش گۆڕانکاری بەسەر ئەو ناوچانەدا ھاتووە".
سیروان محەمەد ڕوونیکردەوە: "پێویستە ھەردوو وەزارەتی پلاندانانی ھەرێم و بەغدا بگەنە رێککەوتن لەسەر بەڕێوەچوونی سەرژمێری لە ناوچە کوردستانیەکان و ئالیەتێکی تایبەت ھەبێت، ھەردوولاش دڵنیابن ئەنجامی سەرژمێری لەو ناوچانە بۆ چەسپاندنی ئەمری واقیع بەکار نایەت".
قائید میرۆ




