٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد جندیانی: بۆ دەربازبوونی عیراق لەقەیرانە هەنووکەییەکانیدا؛ سێ پرنسیپەکەی سەرۆک بارزانی زۆر گرینگە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info-ئازاد جندیانی، سیاسەتمەداری کورد، لە دیدارێکی تایبەتدا لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دەڵێ بۆ ئەوەی لەم قۆناخەدا عێراقێکی سەقامگیر و ئارام ھەبێ، ئەوە پێویستە حیساب بۆ نەتەوەی کورد بکەن و، بە پێویستیشی دەزانێت، ئەوان سوپاسگوزار بن ئەو سێ پرنسیپەی سەرۆک بارزانی جێبەجێ بکەن، هاوکات سەردانەکەی مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمیش، لە رووی تاکتیکییەوە بە ئەرێنی ناو دەبات، هەروەها لایەنە عەرەبەکانی عێراقیش، کە ئۆپۆزسیۆن بوون قبووڵ ناکە، بۆ نەبوونی یەکدی قبوڵکردن دەگێڕێتەوە و، چەند بۆچوونێکی خۆیشی لەسەر سیاسەتەکانی ئەمەریکا دەخاتەڕوو.

KDP : سەرۆک بارزانی لە دوا راگەیاندراویدا لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی عێراق، جەخت لەسەر هەرسێ پرنسیپی، هاوبەشی، رێککەوتن، هاوسەنگی، کردەوە، ئایا بە جێبەجێکردنیان لەلایەن ناوەندەوە کێشەکان کێشەکان چارە دەبن؟

ئازاد جندیانی: لە راستیدا لای سەرۆک بارزانی، ئەمە دروشمێک و تێزێکی نوێ نییە، بەتایبەتی لە ماوەی چوار پێنج ساڵی رابردوودا پێداگیری لەسەر کردۆتەوە، ئەتوانم بڵێم ئەمە ئەو مەرجانەن، کە رێگا دەدا و ئاسانکاری دەکا کورد وەک ھاوبەش بەشدار بێت لە حوکمڕانی عێراقدا، ئەمەش لەسەر لایەنی دیکە ماوە، وەک ئاماژەت پێداوە ناوەند، من بە ناوەند ناوی نابەم، لە راستیدا ئێستا سیستمی حکوومەتی فیدراڵی عێراق و، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەیە، حکوومەتی ناوەند، یا دەوڵەتی ناوەند، ئەمە گفتوگۆ هەڵدەگرێ.

من بڕوام وانییە بەغدا هیچ یەک لەو مەرجانە بە نیوە ناچڵیش جێبەجێ بکات! کاتی خۆیشی کە کورد بەشداری حکوومەتەکانی رابردووشی کردووە، بەوەی کازمیشەوە، بەشداری حکوومەتی عادل عەبدولمەهدیشمان کرد، هەمیشە ئەوە وتراوە ئەو سێ مەرجە جێبەجێ بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ یەک لەو سێ بنەمایە، لەو سێ پێش مەرجە وەدی نەهاتووە، لە راستیدا ئەگەر ئێمە بڵێین ئەمە پێش مەرجە، رەنگە باشتر بێت، بەڵام لە سیاسەتکردندا ئاسان نەبێت، چونکە گەر جێبەجێ نەبن، ئەوا نابێ تۆ بەشداری بکەیت، بەڵام من لای خۆم وەک پێش مەرج تەماشایان دەکەم، پێموانییە، بەغدا بەهیچ جۆرێک ھیچ لەم مەرجانە، یاخۆ ئەو سێ بنەمایە، بەهیچ جۆرێک ئەم مەرجانە جێبەجێ بکات، من ناتوانم لە جیاتی بەغدا هیچ وتەیەک بڵێم و، وە پێشم خۆش نییە لە جیاتی ئەوان هەرگیز وتەیەک بڵێم و، نوێنەرایەتی وتەکانیان بۆ بابەتەکان بکەم، ئەوان لەسەر هاوبەشی رێککەوتن و سازان و هاوسەنگی چۆن تێدەگەن، ئایا هەمان ئەو لێکدانەوە و تێگەیشتنەیە، کە ئێمە لێی تێدەگەین؟! تا ئەوانیش بۆمان جێبەجێ بکەن؟!

ئەوان هاوبەشیان ناوێت، ئەوان بەشدارییان دەوێت، هەمیشە ویستوویانە بەشدار بین، هەتا لە سەردەمی پاشایەتی و سەردەمی عەبدولکەریم قاسم و، سەردەمی ئەحمەد حسن بەکر و سەدام حسێنیشدا، دەوڵەتی عێراق رێگر نەبوون لە بەشداری کورد، بەڵام کێ و چۆن و بە چ پرنسپێک بەشدار بێت، ئەمە گفتوگۆ هەڵگر بووە، جگە لەمە بۆ خاڵەکانی دیکەش بەهەمان شێوە، ئەوان، کازمی لەسەر کار بێ، عەبادی لەسەر کار بووبێ، هەتا عادل عەبدولمەهدی کە لەسەر دەسەڵات بوو و، وەک دۆستێکی نزیکی کورد ھەژمار ئەکرا، ئامادەنەبوو ئەو سێ خاڵە جێبەجێ بکات، ئەمە بۆ کورد گرینگە بۆ شوێنی خۆی لەم قۆناغەدا، بەڵام بۆ ئەوەی بەغدا ئارام بێ و دەوڵەت و حکوومەتێک بێ، کە نەتەوەیەکی زۆر سەرەکی وەک کورد، کە سەد ساڵە ئامادەگی لە گۆڕەپانی سیاسی و گۆڕەپانە جیاجیاکاندا هەیە، دەبێ بەشدار بێ تێیدا، بۆ ئەمەش پێویستیان بەوەیە متمانەی درێژخایەنی کورد بەدەست بێنن؛ ئەمە بۆ ئەوانەی کە زۆرینەن لە عێراقدا و، لە راستیدا دەوڵەتی عێراقیان لەژێر دەستدایە، دەبێ ئەوان سوپاسگوزار بن ئەو سێ پڕەنسیپەی کە سەرۆک بارزانی داوای کردووە، جێبەجێی بکەن، بۆ ئەوەی متمانەی کورد و پێکەوە کارکردن و یەکدەست بوون وەدی بێنن؛ ئەوا لانی کەم لەم قۆناغەدا کە پڕ لەمەترسی و قەیرانە بۆ بەغدا؛ من بڕوام وایە کە وەدەستھێنانی متمانەی کورد مەرجێکی گرینگە بۆ ئەوەی بەغدا لە قۆناغی ئێستادا، تا ئەندازەیەک لەسەرقاچی خۆی بوەستێ.

بەڵام دیسانەوە دەیڵێمەوە، من هەمیشە گومانم هەیە، ئەوەشم لەسەر ئارەزوو بنیاد نەناوە، بەڵکو ئەزموونی سەد ساڵەی رابردوو، بەتایبەتی ئەزموونی دوای رووخانی سەدام حسێنمان بە ڕوونی لەبەرچاوە، کە نەتەوە و مەزھەبی باڵادەست و  خۆبەخاوەنزانی دەوڵەتی عیراق؛ ھەمیشە بەگوێرەی ھاوکێشەکانی ھەژموونداری ھەڵکشاو و خۆسەپاندن بەسەر ئەوانی دیکەدا کاری کردووە و، بڕوا و خوێندنەوەشم وایە، کە لەسەر ئەو ستراتیژی پەرەپێدانی ھەژموونی خۆی کاردەکا.

 

KDP: لەسەر داخوازی جۆبایدن، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانی بەغدای کرد بۆ گفتوگۆ و چارەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، ئایا بەشداریکردنی راستەوخۆی ئەمەریکا بۆ ئەو مەبەستە چۆن دەبینی؟

ئازاد جندیانی: سەبارەت بەو پرسیارەت لەسەر سەردانی بەڕێز مەسروور بارزانی، دوای ئەو نامەیەی بۆ بایدنی ناردووە، کە من لە سەرچاوەیەکی فەرمی ئەوەم نەدیوە، لەوەیە بە زمانی ئینگلیزی بڵاوبووبێتەوە، کە بایدن بە کازمی گوتووە کێشەکان چارە بکەن، هەمیشە ئەمەریکا ئەوەی گوتووە، کە لە رێگەی گفتوگۆوە ئەو کێشانە چارە بکەن.

لە راستیدا بەش بەحاڵی خۆم، نازانم تا چەند ئەمەریکا بەشداری راستەوخۆ لە گفتوگۆ و چارەکردنی ئەوەی ناوی نراوە کێشە هەڵواسراوەکان دەکات، کە ئەمانە کێشەی زۆر لاوەکین لەچاو بابەتە گەورە و سەرەکی و بنەڕەتییەکانی ئێمە لەگەڵ دەوڵەتی عێراق، ئەویش کێشەی داگیرکردنە، کێشەی کۆتایی هێنانە بە داگیرکردن، کێشەی رێگەدانە بە ئەنجامەکانی ریفرەندۆم و سەربەخۆبوونی کوردستان.

بێگومان هەرکەسێ لە کوردستان حوکمڕان بێ، چ وەک سەرۆکی هەرێم، یا سەرۆکی حکوومەت، یا پەرلەمان، چاری ناچارە، دەبێ دەست و پەنجەی نەرم بکات لەگەڵ ئەو بابەتە تەکتیکیانەی پەیوەستن بە ئیدارەدانی ناکۆکی و ململانێکان لەگەڵ بەغدا، پێموایە ئەمەریکا بۆچوونی خۆی ڕاگەیاندووە و پێیوایە دەبێ بەغدا یەکگرتوو بێ و، ھەرێمیش بەھێز بێ، ھەر لە سەردەمی تیلرسن و ماکگۆرکدا ئەو تێزەی ڕاگەیاندووە و، بەردەوامیش دووپاتی ئەکاتەوە، بەڵام پێناسەیەکی تەواو ورد، کە هەموو لایەکمان لێی تێبگەین و، لە پراکتیکیشدا بیبینین، نییە، لەکاتێکدا گرینگە هەموو کورد لە تێزەکانی ئەمەریکا تێبگات، نەک تەنیا دەستەبژێرێک لە سەرکردایەتی سیاسی کوردستان، یا لە ئەکادیمی و رووناکبیری کوردستان لێی تێبگەن، دەبێ هەموان بزانن تێگەیشتنی ئەمەریکا چییە بۆ ئەوەی بەغدا یەکگرتوو بێ! ئایا ئەوەیە کە بەوشێوەی ئێستا بێ، کە گوایە ئێمە یەکگرتووین و لەژێر یەک دەستوور و یەک سیادەدا لە یەک دەوڵەتدا دەژین؟! بەڵام ئێمە بەهیچ شێوەیەک هەستناکەین عێراق ئەو دەوڵەتە یەکگرتووە بێت، یەکگرتوو نییە لەگەڵ سوننە، هەتا لەنێو شیعەش یەکگرتوویی نییە، هاوکات لەگەڵ کوردیش یەکگرتوو نییە، ئەمانە ئەو بابەتانەن، کە دەبێ بزانین ئەمەریکا بەشدار دەبێ، بە چ تێز و دیدێک و میکانیزمێکەوە لە یەکلاکردنەوەی گفتوگۆکان بەشدار دەبێ.

ئێمە وەک کوردیش لە قەیرانی زۆر قوڵداین، رەنگە هەندێ دەستپێشخەری ئەمەریکامان دیبێت بۆ ئەوەی هەڵنەلوشرێین و قووت نەدرێین، بەڵام ئەگەر بڕیار وابێت رۆڵی ئەمەریکا بۆ عێراقێکی یەکگرتوو و، هەرێمێکی بەهێز دیار و بەرجەستەبێ؛ لە راستیدا ئەمە پێویستی بە وێناکردن و لێکدانەوە هەیە، ئایا هەرێمی بەهێز ئەوەیە، کە عەبادی بە پشتیوانی ھەموو ئەوانی دیکە لەشکرکێشی کردە سەرمان! هەرێمی بەهێز ئەوەیە، کە ھەر لەساڵی 2014ەوە بودجەمان بڕاوە! هەرێمی بەهێز ئەوەیە ئێستاش رۆژانە هەڕەشەمان لێ دەکرێت! ئیستاش نازانین کەی رووبەڕووی هەڕەشەی راستەوخۆی ئەو هێزانە دەبینەوە، کە پێیان دەڵێن لە یاسا دەرچووەکان، کە من بڕوام بەو وتانە نییە، ئەوانە هەموویان هێزی یاسایین، هیچ یەکێ لەو میلیشیایانە بەگوێرەی دەوڵەتی عێراق نایاسایی نین، بۆ ئەوان یاسایین و چەکداری ئەوانن و موچەیان هەیە و، سەربازگەی ئاشکرایان ھەیە و ھیزی سەربەخۆی ئاسمانیان (درۆن)یان ھەیە. لەبەرئەوە من پێموایە ئەمەریکا نایەوێت لە ئێمە بگەیەنێت، کە ئێمە چۆن هەرێمێکی بەهێز دەبین، وەکچۆن بە وردی و بە کردەوە پێمان ناڵێت عێراقی یەکگرتوو لای ئەوان چییە، پێشمان ناڵێت هەرێمی بەهێز چییە.

ئێمە وەک کورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کێشەی زۆر بنەڕەتیمان هەیە، نەک لەگەڵ حکوومەتەکانی، هەر لە دامەزراندنی عێراقەوە، ئێستا ئەمەریکا لە دوای جەنگی جیهانی دووەم، بەتایبەت لە دوای نەمانی جەنگی سارد و بە یەک تەوەربوونی دنیادا، بۆی رەخساوە زۆر لەو کێشانە لە ھەموو دنیا زۆر بە ئاسانی چارە بکات، ئاسانی بەو واتایە ئەو بۆی دەکرێت، ئەی بۆ نایکات، ئێمە کێشەی دیکەمان هەیە، بۆ سەرکێشرا بۆ ئەم بارودۆخە، ئەگەر ماددەی 140 لەکاتی خۆیدا جێبەجێ بکرابا، یا بەشە بودجەی پێشمەرگە وەکخۆی جێبەجێ بکرابا و، هەموو ئەگەرەکانی دیکە.. ئەمەریکا گوشاری بۆ جێبەجێکردنیان هەبا و راستگۆیانە حکوومەتەکانی بەغدای ناچار بکردایە جێبەجێی بکەن، بۆچی ئێستا کۆمەڵێ کێشە دەمانەوە!

ئێمە ئێستاش دوای سەد ساڵ باس لە کێشەی لۆزان دەکەین، ئەوەی ئەمەریکاش دەیەوێت، مانەوەی ئەو کێشانەیە، کە بە ناو هەڵواسراون لە نێوان کورد و بەغدادا؛ مانەوەیان هەتا سەد ساڵی دیکە. لەڕاستیدا ھەمیشە دان نان بە هەبوونی کێشە، بەهیچ جۆرێ بە مانای چارەکردنی نییە، جا ئەمەریکا بیڵێ، یان فەرمانڕەواکانی بەغدا بیڵێن، سەدامیش وای دەگوت، ئەمە بۆ تورکیا و سوریا و ئێرانیش هەروایە، تۆ تەماشا بکە لە یاسا و دەستووری ئێراندا، ناوی ئوستانی کوردستان (سنە) هاتووە، لە ماوەی رابردوو، رەئیسی سەرۆک کۆماری ئێران لە سنە گوتی، بژی کوردستان، رەنگە زۆر کورد بەو وتە و درووشمە خۆشە خەڵەتابن، بەتایبەتی خەڵکی ئەو ئوستانە، لەکاتێکدا ئەو مەبەستی ئەوەبوو، بە کورد بڵێ، ئێوە لەهەموو کاتێکدا لە سنەدا مافتان هەیە بڵێن ئێرە کوردستانە، بەڵام سەرنجی میدیا فەرمییەکان و گوتاری فەرمی ئێران بدەن، بۆ شارەکانی دیکەی ڕۆژھەڵاتی کوردستان، کە سەر بە پارێزگای سنە نین، دەستەواژەی (شاری کوردنشین) بەکار ئەھێنێن؛ ھەتا بۆ مەھاباد کە ڕۆژگارێک پایتەختی کۆماری کوردستان بوو؛ بە کوردستان پێناسەی ناکەن. لە تورکیادا کارەساتبارترە، چونکە بەکارھێنانی ناوی (کوردستان)، وەک تاوان ھەژمار ئەکرێ.

لەڕاستیدا سەردانەکەی کاک مەسروور بۆ بەغدا، لە رووی تاکتیکییەوە هەنگاوێکی باشە، لانیکەم بۆ ئەوەی ئەمەریکا تۆمەتبارمان نەکات بەوەی دوورە پەرێزین، یا ئێمە لەسەری سەرەوەی دەستەڵاتدا ناچینە بەغدا، هەرچەندە کاک نێچیرڤانیش چووە، ئەوە ئێمە لەسەر گفتی ئەمەریکا سەردانی بەغدامان کرد، با بزانین ئەمەریکا چی بۆ کورد دەکات و، دێتەوە سەر ئەوەی گوشار بکات، تا ئەو ماددانەی پشتگوێ خراون و بوونەتە کێشەیەکی هەڵواسراوی نێوان ئێمە و بەغدا، جێبەجێ بکرێن!

پێش هەموو شتێک هەموو ئەو ماددە دەستوورییانەی پێشێل کراون، کێشەی هەڵواسراون، بۆچی؟ چونکە بەغدا جێبەجێیان ناکات.

KDP : ئۆپۆزسیۆن بوون هێشتا لەنێو بەشێکی لایەنە عێراقییەکان قبوڵ ناکرێ، هۆکاری ئەوە چییە؟

ئازاد جندیانی: لەڕاستیدا من کارم بەسەر بەغداوە نییە، ئۆپۆزسیۆن هەیە، یا نییە، دەبێ نابێ، قبوڵیانە یا نا، من پێموایە ئەوە دەستەڵاتی نەتەوەی سەردەستە، ئێستا بووەتە نەتەوەیی مەزهەبی سەردەست، ئەمانە هەرگیز ئۆپۆزسیۆن قبوڵ ناکەن، ئەو پارتانەی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقدا و، لە دوای رووخانی سەدام حسێن بوونە ئۆپۆزسیۆن، ببورن، کامەیان وەک قەشمەرێک لە پڕۆسەی سیاسی وەدەر نەنراون! ئەوەش مێژوویەکی دوور نییە و، هەموو هاووڵاتییەک بە یەک کلیک دەتوانێ ئەوە ببینێ، کەسێکی وەکو ئەیاد عەلاوی ئۆپۆزسیۆن بوو، چیان لێکرد و چیان پێکرد! بە گوتەی شەقامی خۆمان، کردیان بە سینەمای حەوت دەوڵەت، تێبینی خۆشم لەسەر پڕۆسەی سیاسی عێراق هەیە، بەڵام نامەوێ زۆر لەسەری بدوێم، من لایەنگری ئەوە نیم خۆم بە بەغداوە سەرقاڵ بکەم، شوکر من ئەرکێکی فەرمی وام لەئەستۆ نییە تا ناچاربم؛  لانی کەم لە رووی تاکتیکیشەوەبێ، لەگەڵ بەغدا مامەڵە بکەم. لەڕاستیدا بۆ منێکی سەربەخۆییخواز؛ هیچ دۆخێکی دەستووری و سیاسی جێگرەوەی  سەربەخۆیی نییە؛ بۆیە تەواوی ئەم دان و ستانانە، وەک سیاسەتێکی تاکتیکی و ناچاری ئەبینم .

ئەگەر مەبەستت لایەنە عێراقییەکان، شیعەی عەرەب و سوننەی عەرەبە، ئەوا نازانم پێیان قبوڵ دەکرێ، یا نا، کە ئۆپۆزسیۆن بن، یان ئۆپۆزسیۆن ھەبێ؛ بەڵام عێراق بە ئەستەم ئۆپۆزسیۆنی قبوڵ کردووە، مەگەر ئۆپۆزسیۆنی کارتۆنی، تەنانەت لەسەردەمی پاشایەتیشدا، تەماشا بکە، ئۆپۆزسیۆن چ کاریگەریێکی هەبوو؟ یەکەم کودەتا لە عێراق کراوە لەسەردەمی دوای جەنگی جیهانی یەکەم.

لە عێراقدا ئەوەی هەیە، گیانی یەکتر قبوڵ نەکردنە، کە یەکتر قبوڵ نەکرا، ئیدی چۆن ئۆپۆزسیۆن قبوڵ دەکرێت، ئۆپۆزسیۆن شوناسێکە دەکرێ لە ماوەی شەو و رۆژێکدا بگۆڕدرێ، پارتێک لە ناوێکەوە بۆ ناوێکی دیکە، لە حاڵەتێکەوە بۆ حاڵەتێک بگۆڕدرێ، بەڵام یەکدی، من و تۆ، ئەو و تۆ، ئەمانە لە عێراقدا قبوڵ ناکرێ، هەر لە کۆنەوە و بە تایبەت لە دوای هاتنی ئیسلامەوە، کێ کێی قبوڵ کردووە! یەکدی کۆیلەکراوە، یەکدی سەپێندراوە، یەکدی دەستەمۆکراوە، یەکدی سەربڕاوکراوە؛ ناچارکراون ئەوی دیکە و ئەو قبوڵ بکەن، عێراقییەکان وا ناچارکراون.

کاتی خۆی دوای ڕووخانی ڕژێم؛ عەرەبەکان بە شەقام و بە زۆرینەی سیاسیی و راگەیاندنی پارتە سیاسییەکانیشیانەوە؛ ناڕازی بوون؛ یان لە دڵەوە لە هەبوونی دەوڵەتێکی فیدراڵی ڕازی نەبوون، کە کورد تێیدا ئەو مافەی هەبێ، کە لە دەستوور بۆی دیاریکراوە.

بەکورتی، نەتەوە و مەزھەبی سەردەستی عیراق، بۆ ئەوەی دەوڵەتەکە ھی خۆیان بێ؛ ئەبێ دەوڵەتێک بێ، لانی کەم لە ناوەرۆک و لە پراکتیکدا دەوڵەتێکی ناوەندگەرا بێ.

 

دیداری: خێڵان بەختیار

 

هەواڵی پەیوەندیدار